ئاماری ئەمڕۆی كۆرۆنا لە عێراق: 10 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2020-12-19       416       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی ئەوانەی لە كۆرۆنا چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی ڤایرۆسەكە بون و هاوكات رێژەی مردن بە كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە بەشێوەیەك لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 10 توشبوی كۆرۆنا لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەستداوەو لە 11 پارێزگاو دو ناوچەی بەغدا هیچ حاڵەتێكی مردن بە ڤایرۆسەكە تۆمارنەكراوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 31 هەزار و 510 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان یەك هەزارو 307 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 914 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 10 توشبوی ڤایرۆسەكە لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەستداوەو هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەكە لە 11 پارێزگای عێراق و دو ناوچەی بەغدا تۆمارنەكراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 583 هەزار و 118 كەس و لەوانە 12 هەزارو 680 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 519 هەزارو 5 كەسیان چاكبونەتەوەو 51 هەزارو 433 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 184 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×