عێراق گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر ئیمزاكرد
  2020-12-21       579       

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئیمزاكردنی گرێبەستی كرینی ڤاكسینی كۆرۆنا لەگەل كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی راگەیاندو دەشڵێت: سەرەتای ساڵی داهاتو ڤاكسینەكە دەگاتە وڵات.

ئاوێنە: سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتەكە، كەمێك لەمەوبەر بە میدیای رەسمی عێراقی وت: وڵاتەكەی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی ئیمزاكردوە بۆ هێنانی یەك ملیۆن و نیو دۆز لە ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئاشكراشیكردوە كە ئەو بڕە ڤاكسینە سەرەتای ساڵی داهاتو دەگاتە عێراق.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو گرێبەستەی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر بۆ هێنانی ڤاكسینەكە دەبێت وەك قۆناغی یەكەم.

رۆژی هەینی رابردو، د. ریاز عەبدولئەمیر حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی وتبو: وەزارەتەكەیان گەیشتۆتە قۆناغی پێشكەوتو لە دانوستان لەگەڵ كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی و ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتودا رێككەوتنێك بۆ هێنانی بڕێك ڤاكسینی كۆرۆنا لەگەڵ كۆمپانیاكە ئیمزابكەن.

هێمای بۆ ئەوەش كردبو كە وەزارەتەكەیان بەردەوامە لە پەیوەندیكردن بە كۆمپانیاكانی دیكەشەوە بەڵام مەرجی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان پەیوەستە بەوەی تا چەند بەرهەمی كۆمپانیاكە لەڕوی نێودەوڵەتییەوە پشتی پێ دەبەسترێت و وتبوشی: ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فایزەر لەلایەن دەستەی دەرمانی بەریتانیاو فەرمانگەی دەرمان و خۆراكی ئەمریكاوە پەسەندكراوە.

ئاشكراشیكردبو كە لەڕوی مەبدەئییەوە وەزارەتەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر گرێبەست بۆ هێنانی بڕێك ڤاكسین كە نزیكەی یەك ملیۆن نیو دۆزە دەكات.

ئەوەشی خستبوەڕو، ئەو بڕە ڤاكسینەی دەهێنرێت بەپێی ئەولەویەتێك كە پێشتر دیاریكراوە سەرەتا بۆ كەسانی بەساڵاچو، ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیەو هەروەها بۆ كارمەندانی پزیشكی بەكاردەهێنرێت و سەرەتاش بە پێدانی ڤاكسینەكە بە كارمەندانی پزیشكی و پاشان بە كەسانی بەساڵاچو و دواتر ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەستپێدەكات و دواتریش دەدرێتە هێزە ئەمنییەكان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردبو كە تاوەكو ئێستا ڤاكسینەكەی فایزەر تەنها كاریگەری لاوەكی سروشتی هەبون كە هەر ڤاكسینێكی دیكە هەیەتی لەوانە سەرئێشەو تایەكی سوك و هەمو ئەو كاریگەرییانەش كاتین و هیچ كاریگەرییەكی مەترسیداری نەبوە لەو وڵاتانەی دەستیان بە پێدانی ئەو ڤاكسینە كردوە. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×