وەزارەتی کشتوکاڵی‌ هه‌رێم وەڵامی عەبدولستار مەجید دەداتەوە
  2020-12-25       1323       
عەبدولستار مەجید، بێگه‌ر تاڵه‌بانی وه‌زیری‌ كشتوكاڵ‌
وەزارەتی کشتوکاڵی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وەڵامی نوسراوێکی عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە، سەربارەت بەپرۆژەیەکی هێلکە له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌.

ئاوێنه‌: دەقی هه‌ردو رونکردنەوەکەی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سەرۆکی لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌:


رونکردنەوەکەی‌ سەرۆکی لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ په‌رله‌مان:

دوو هاوڵاتی لەسنوری پارێزگای سلێمانیی دەیانەوێت پرۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن دابمەزرێنن، هەموو مامەڵەیەکیان تەواوکردووە، سەرجەم یاسا و مەرج و ڕێنماییەکانیان جێبەجێکردووە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ بۆتە گرفتی بەردەم مۆڵەتپێدان و سەرپێخستنی پرۆژەکە بەتایبەت لەمکاتەدا و بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرهەمی هێلکەی هاوردە زۆر گران لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت .


دەقی رونکردنەوەکەی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ:

رونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ڕایی گشتی و بەرێز عبدولستار مجید، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان.
سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوپەڕی پەرۆشیەوە پشتگیری و ئاسانکاری دەکات، لە هەموو هەوڵ و پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی خۆماڵی کە لە بەرژەوەندی جوتیاران و بە خۆمالی کردنی بەرهەمهێناندا بێت ،بەمەرجێ لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێ
کراوەکانی وەزارەتماندا بێت.
وە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە دەیانەوێ ڕایی گشتی بە لاڕێدا ببەن ڕەتدەکەینەوە کە گوایە وەزارەتمان ڕێگری دەکات، لە پشتیوانی و پێدانی مۆلەتی بەرهەمهێنانی پڕۆژەکانی جوتیاران و خاوەنکارانی كشتوكاڵی‌.
پێمان سەیرە کە جەنابی کاک عەبدولستار مجید، سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانیە و  وەزیری پێشووی ئەم وەزارەتە بووەو ئاگایی و زانیاری تەواوی هەیە لەبارەی پرۆسەی پێدانی مۆلەتی فەرمی و ڕێکارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی‌ و وەبەرهێنان.
لە ڕێکەوتی 23/12/2020 لە سۆشیال میدیای خۆی رایی گشتی دەورژێنی و هەوڵدەدات تەشهیر بە وەزارەتمان بکات.
یەکەم ...بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ: ڕێكاره یاساییەکان كه پێویست بوو داواكاری‌ هاولاتیەکان و رونکردنەوەی پێویستی‌ داوا بكردبایه بەو میکانیزمەی كه پەرلەمانتارێک دەبێت بیگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست و بەدواداچوون و وەرگرتنی رایی فەرمی وەزارەتمان وەک لایەنێکی  بەرپرسیارو راستەوخۆی ئەم جۆرە کێشەو داواکاریانە.
دووەم... چاوەڕێی وەڵام و ڕونکردنەوەی فەرمی‌ سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزارەتیشی نەکرووە، لە سۆشیال میدیای خۆیی ئەو جۆرە بابەتانە بڵاودەکاتەوە.
سێیەم ... بەڕێزیان ماوەیەک وەزیری ئەم وەزارەتە بوون و زۆرباش دەزانن کاتێک کە داواکاریەک دێتە بەردەستی وەزیر پێویستی بە وەرگرتنی ڕاو سەرنجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندیدارە بەپێی پلانی وەبەرهێنان و پێویستیان بۆ ئەو پرۆژانەی کە داوا دەکرێت ئەنجام بدرێن.
بە لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیمان بۆ ڕایی گشتی و بەڕێزیان و هەموو ئەو کەسانەی کە هەمان باوەرو خوێندنەوەیان هەیە ئەم ڕوونکردنەوەیە بلاو دەکەینەوە:
١/ وەزارەتمان بەردەوام پشتیوانی هەموو  پڕۆژەیەکی كشتوكاڵی‌ كردوهو ئەمەش بەداتا سەلمێنراوە کە تەنها لەم کابینەیەدا بەسەدان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵیدا ڕەزامەندی لەسەر دراوە، چەند نمونەیەک دەخەینەڕوو، تەنها هێلکەی خواردن له سنوری‌ پارێزگای  سلێمانی‌ و هەلەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ وەڵامی ئەوەی کە پڕۆژەکان چۆن و چەند مۆڵەتیان پێدراوە:
1/پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە پرۆژەیەکی‌ هێلكه ی‌ خواردن بە توانای (یەک ملیۆن و نیو هێلكه) لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
2/پێدانی مۆلەتی پرۆژەیەکی تری‌ هێلکەی خواردن بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه ) له پارێزگای هەڵەبجە.
3/ پرۆژەیەکی تر بە تاقەی (پێنج سەد هەزار هێلكه ) بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
4/لە گەرمیان مۆڵەت دراوەتە پرۆژەیەکی تر بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه  )
5/هەروەها دوو پرۆژەی گرنگی تر بۆ گۆرینی ڕەگەزی مریشک لە مریشکی گۆشتەوە بۆ مریشکی هێلکەکەر له سنوری‌ ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی.
چەندان پرۆژەی تری لەو جۆرەمان ئاراستەکراوە بۆ وەرگرتنی راو سەرنجی‌ كشتوكاڵی پارێزگاکان بهپێی یاساو ڕێنماییەکان و پلانی پەسندکراوی وەبەرهێنان، كه پێداویستی‌ هەر پارێزگایەک دیاریدەکات ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
هەروەها سەبارەت بە کۆمپانیای ناوبراو، دوای ئەوەی کە دەقی داواکارییان پێشکەشی جەنابی وەزیر کردووە، لە کاتی چاوپێکەوتندا پشتگیری پرۆژەکەیان کراوە،
داواکاریەکەیان ئاراستەی کشتوکاڵی سلێمانی کراوە، بۆ وەرگرتنی ڕاو سەرنجی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکالی سلێمانی.
ئێمە لە کاتێکدا تائێستا بەفەرمی وەلامی نوسراومان دەربارەی پرۆژەی ئەو دوو خاوەن کارە بەدەست نەگەیشتوەتەوە. بەڕێزیان لە لایەکی تر دەبینین سکالایان هەیەو بە پێش پرۆسەکە کەوتوون و لەبڕی ئەوەی لەخەمی وەڵامی نوسراوەکەیان بن کە ئاراستەکراوە.
ئێمە ئەو دەنگۆیانە بەتەواوی‌  ڕەتدەکەینەوە لە سەر ئەوەی گوایە ئێمە ڕێگریمان کردووە وئەوان مامەڵەکەیان تەواو کردووەو سەرجەم ڕێکارەکانیان بڕیوە، ئەم حاڵەتە وا دەکات کە سەرنجی زیاترمان هەبێ لەسەر پرۆژەکەو ناوبراوان.
لەکۆتایدا دووپاتی دەکەینەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەیەک مەودا پێشوازی لە هەموو پرۆژەیەک دەکات کە خزمەتی بەرهەمهێنانی خۆمالی بکات، لە هەمان کاتدا سکاڵای یاسایی دەجوڵێنین لە دژی هەر کەس و  لایەن و گروپێک، کە بیانەوێ بە بێ بنەما و بەڵگە تەشهیر بە سیاسەتی کاری وەزارەتمان بکات و ڕایی گشتی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی  بەکاربهێنێ.
راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاو
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×