2021-01-01   429     
بهرپرسانی تەندروستی ویلایەتی فلۆریدا تۆماركردنی سێهەم حاڵەتی شێوازە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشكرا دهكهن.
ئاوێنه: بهوتهی ئهو بهرپرسانه، حاڵەتێکی ئەو جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەویلایەتەکەدا بەدیکردووە کە سەرەتا لەبەریتانیا دەرکەوت، ئەمەش سێهەم حاڵەتی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکەیە لەئەمەریکا دیاری بکرێت.
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكهن كه توشبووەکە پیاوێکە کە لەبیستەکانی تەمەنیدایەو لەناوچەی مارتنی ویلایەتەکە دەژیو گەشتیشی بۆ هیچ شوێنێک نەکردووە. دوو حاڵەتەکانی تری ئەم جۆرەی کۆرۆنا لەئەمەریکا لەویلایەتەکانی کۆلۆرادۆو کالیفۆرنیا دیاریکراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەتویتێکدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان (CDC) کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر حاڵەتەکە.
ڕۆژی چوارشەممەی رابردوش حاكمی کالیفۆرنیا گاڤن نوسەم رایگهیاند، شێوازی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرنا کە بە B.1.1.7 ناسراوە لەباشوری کالیفۆرنیا تۆماركراوه. ڕۆژێک پێشتریش فەرمانڕەوای کۆلۆرادۆ جێرد پولیس یەکەم حاڵەتی ئەو جۆرە ڤایرۆسەی لەئەمەریکا لەویلایەتەکەی ڕاگەیاند.
شارەزایانی تەندروستی لەوبڕوایەدان ئەم شێوازە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام پێیانواشە ئەو ڤایکسینانەی بەم دواییە دژ بەکۆرۆنا پەسەند کراون دەشێت بەرگری لەش لەدژی ئەم جۆرەش زیاد بکات.