عێراق؛ 10 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە شەشیان لە هەرێمی كوردستان بون
  2021-01-04       588       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 10 توشبوی كۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵات گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 27 هەزار و 602 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 595 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 809 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 10 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لەسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و دوانیان لە پارێزگای كەركوك و یەكێكیان لە پارێزگای زیقارو ئەویدیكەیان لە پارێزگای نەینەوا بوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 598 هەزار و 369 كەس و لەوانە 12 هەزارو 844 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 545 هەزارو 529 كەسیان چاكبونەتەوەو 39 هەزارو 996 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 141 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×