ڤیدیۆ..كازمی داوای لێبوردن لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەكات
  2021-01-13       559       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لێبوردن لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی ئامادەیی شاری ناسریە دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەكانی بەرەنگاربونەوەی "ئاژاوە" چوبونە نێو قوتابخانەكەو خۆپیشاندەرێكیان دەستگیركردبو كە بۆ هەڵهاتن لەو هێزانە پەنای بردبوە نێو قوتابخانەكە.

ئاوێنە: لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، مستەفا كازمی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی "مەركەزی" لە شاری ناسریە دەكات و دەڵێت، داوای لێبوردن دەكات لەبەرامبەر ئەو رەفتارەی هێزە ئەمنییەكان.

كازمی ئەو رەفتارەی هێزە ئەمنییەكان بە "دەستدرێژییەكی قبوڵنەكراو" ناودەبات و هیواش دەخوازێت كە "دوبارە نەبێتەوە."

بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا نازانرێت ئەو رێكارە چییە كە بەرامبەر ئەو هێزە ئەمنیانە دەگیرێتە بەر كە هەڵساون بە ئەنجامدانی "دەستدرێژییەكە"و هەروەها چارەنوشی ئەو خۆپیشاندەرەش دیار نییە كە بە "راكێشان" لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە قوتابخانەكە دەهێنرێتە دەرەوە.

مستەفا كازمی بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەكە ئامادەییەكە جەخت دەكاتەوە كە ئەو رەفتارەی هێزە ئەمنییەكان، كارێكی تاكەكەسیانەیەو نوێنەرایەتی رەفتاری تەواوی هێزە ئەمنییەكانی پارێزگاكە ناكات و هەروەها داوای گەڕانەوە ئارامیش بۆ شاری ناسریە دەكات.

ماوەی چەند رۆژێكە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، چەند روبەڕوبونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانی بەخۆوە دیوە كە داوای راگرتنی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی هاوڕێیانیان دەكەن و دەڵێن: ئەو هەڵمەتانە بە هاندانی پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكە بەڕێوەدەچن كحە سەربە رەوتی سەدرن.

هەروەك ناڕەزایەتی خۆپیشاندەرانی شارەكە بۆ داواكردنی پاراستنی ماڵی خۆپیشاندەران دەكەن كە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا زیاتر لە 20 ماڵی خۆپیشاندەران بە تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراو كراونەتە ئامانج.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×