ئەحمەدی حاجی رەشید: هاوپەیمانی هیوا ئەجێندای هیچ كەس و لایەنێك نییە
  2021-01-15       958       

ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی هیوا كە لە چەند رۆژی رابردو لەلایەن 15 پەرلەمانەوە راگەیەندرا، "ئەجێندای هیچ کەس و لایەنیک نییە"و جەختیش دەكاتەوە كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری حزبەكەیدا هەیەو ئاشكراشیدەكات كە تاوەكو ئێستا یەك ملیارو 100 ملیۆن دیناری رادەستی دارایی كۆمەڵ كردوە.

ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی رەشید، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتوشیەتی"لەماوەی ئەندام ئەنجومەنیم و تا ئێستاش کە پەرلەمانتارم ئەو شایستە داراییەی کە کۆمەڵ لەسەری داناوم بەبێ دواکەوتن جێبەجێم کردوە تا ئێستا زیاتر لە (یەک) ملیارو (۱٠٠) ملیۆن دینارم وەک پشکی کۆمەڵ ڕادەستی بەشی دارایی کردوە لە ساڵی ۲٠۱۱ هەتا ئێستا."

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەشی وتوە"بەردەوام شایستەی دارایی مانگانە 12 ملیۆن 650 هەزار دینار ڕادەستی دارایی دەکەم."

هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیدا وتویەتی"قەناعەتم نییە هیچ پەرلەمانتارێكی هێزەکانی دیکە هەبێت بە ئەندازەی من پەیوەندی پتەو بێت لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکەی...جا با هەندێک لایەن ئەوەندە فاڵ نەگرنەوە لەبارەی پەیوەندی من و جەنابی ئەمیری کۆمەڵ و سەرکردایەتیەکەم ."

ئەحمەدی حاجی رەشید، دەربارەی ئەو هاوپەیمانییە كوردستانییەی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن 15 پەرلەمانتاری كوردەوە لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراو خۆی یەكێكە لەو پەرلەمانتارانە، جەختی كردۆتەوە كە "راگەیاندنی هاوپەیمانی هیوا ئەجێندای هیچ کەس و لایەنیک نییەو کەسیش ناتوانێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ، هاوپەیمانی هیوا هەوڵی سەرەتایی هەمو ئەو هاوڕێیانەیە کە ئێستا لەنێو هاوپەیمانیەکەدان یەکەم هاوڵیشیان ئەوە بوە کە کاندیدیان هەبوە بۆ ڕکەبەری جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان.

 هەروەها وتوشیەتی"هاوپەیمانی هیوا هاوپەیمانێتیەکە بۆ کارکردنی ئەو پەرلەمانتارانەی کە کاری تێدا دەکەن و هیچ پرۆژەیەکی هەڵبژاردنی لەپشت نییەو هەر کەسیش خوێندنەوەی تری بۆ دەکات تەنها خوێندنەوەی خۆیەتی و ئاگای لە واقعی دروستبونەکەی نییەو با شیکردنەوەی عەنتیکەی بۆ نەکات."

وتوشیەتی"سەبارەت بەو فراکسیۆنانەی کە لەناو ئەو هاوپەیمانێتیەدان بەشانازییەوە تایبەتمەندی هێزە سیاسییەکەیان دەپارێزن و ئێمەش وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ، پێمانوایە کۆمەڵ بون شانازییەو ئەستەمە تا کۆمەڵ لەبەرەی خەڵک بێت هیچ ئەندامێکی کۆمەڵ ئەو شانازییە لەخۆی دابڕنێت."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×