لەهەولێر گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێودەچێت
  2021-01-17       785       
بەمەبەستی داواکردنی رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێک لەخاوەن زەوییەکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

ئاوێنە: خاوەن زەوییەکانی گەرەکی هەشتی حەسارۆک کەبەشداری گردبوونەوەکەیان کردوە باس لەوە دەکەن، ئەوان زیاتر لە 20 هەزار خێزانن کە زۆرینەیان کرێچین و 15 ساڵە زەوییان لەو گەرەکە هەیە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم و شارەوانی هەولێر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، رێگاوبان و قوتابخانەی بۆ ئەو گەرەکە دابین نەکردووە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرەڕای ئەوەش ماوەی زیاتر لە 18 ساڵە باج دەدەن بەحکومەتی هەرێمی کوردستان و ساڵانە 400 هەزار دینار وەک باج دەدەن، لەبەرامبەردا حکومەت تائێستا رێگەپێدانی بۆ دروستکردنی خانوو پێنەداون.

خاوەن زەوییەکانی گەرەکی هەشتی حەسارۆک داوا لەمەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەن لەسەر کێشەکانیان بێنەسەر خەت و بەبڕیارێک کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن کەماوەی 18 ساڵە بەهۆیەوە دەناڵێنن.

لەبارەی نەگەیاندنی خزمەتگوزارییش بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک پێشوتر بۆتان تاهیر سەرۆکی شارەوانی چواری هەولێر بە وێستگەنیوزی راگەیاندبوو، "گەرەکی هەشتی حەسارۆک کە ماوەی 15 ساڵ زیاترە دروستکراوە و خزمەتگوزاری تێدانیە، بەلای ئێمەوە وەکو شارەوانی بۆ دابینکردنی خزمەگوزارییەکانی شەقام لە ناوچەیەدا پێویستیمان بە 89 ملیار دینارە، جگە لە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ناوچەیە پێویستی بە دروستکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و گەیاندنی ئاویش هەیە، جەنابی وەزیری شارەوانیش پێش چەند مانگێک رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک و رونیکردوەتەوە، گەیاندنی پڕۆژە بەو گەرەکە پەیوەندی بە گەیاندنی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆوە هەیە و تاوەکو قۆناغی چوارەمی پڕۆژەی ئینفیرازی ئاویش لە هەولێر تەواونەکرێت، ناتواندرێت پڕۆژەی ئاو بگەیەندرێتە ئەو شوێنە، ئەو هۆکارەش گەیاندنی پڕۆژەی خزمەگوزاری بەو شوێنە ئەستەم کردوە، چونکە ناکرێت خەڵکی بچێتە ئەو گەرەکە بەڵام ئاوی نەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×