عێراق؛ شەش توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە سیانیان لە سلێمانی بون
  2021-01-20       658       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا، شەش توشبوی كۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵات گیانیان لەدەستداوە كە سیانیان لە سلێمانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 37 هەزار و 341 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 746 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 909 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەش توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە لەوانە سیانیان لە پارێزگای سلێمانی بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 610 هەزار و 598 كەس و لەوانە 12 هەزارو 968 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 574 هەزارو 920 كەسیان چاكبونەتەوەو 22 هەزارو 710 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 140 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×