پێشمەرگە دێرینەکان سەردانی پەرلەمان دەکەن
  2021-01-24       452       
جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ نوێنەری پێشمەرگە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوە و لەبارەی پرسی دەرچوانی یاسایەکی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان گفتوگۆیان کردوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیون و هەوڵدەدەن لە نزیکترین کاتدا پشتیوانی لایەنەکان بۆ دەرچوانی یاساکە دەربچوێنن.

ئاوێنە: عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنانامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ پێشوازیمان کردوە لە شاندێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان و رێکخراوی گوڵان بەسەرپەرشتی هەریەکە لە جەمیل هەورامی و کاک دلاوەر و هاوڕێکانیان، هاتنەکەیان بەو ئامانجەیە کە چەند ساڵێکە پڕۆژەیەکی رێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان هەیە و بەداخەوە تا ئێستا کاری لەسەر نەکراوە وەکو پێویست، ئەوەی پێویست بێت نەتوانراوە بکرێت، بە ئامادەبونی سەرۆکی پەرلەمان کۆبونەوەیەکی چڕمان ئەنجامدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمتەرخەمییەکی گەورەیە بۆ حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە دوای 29 ساڵ قسە لەسەر ئەوە بکرێت کە خزمەت بە تێکۆشەرە دێرینەکان بکرێت، دەبوایە یەکەمین یاسا لە پەرلەماندا یاسای ماف و ئیمتیازی پێشمەرگە دێرینەکان و شەهیدان بوایە، وەکو لیژنەی پێشمەرگە پشتیوانی داواکانیان دەکەن و هەوڵ دەدەن پشتیوانی لایەنە سیاسیەکان بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکەیان بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و مافی تێکۆشەرانی ئەم وڵاتە دابینبکرێت.

عوسمان سێدەری باسی لەوەشکرد، "تێکۆشەرە دێرینەکان کە شەهیدی زیندون و هەریەکێک لەوانە دەیان هاوڕێی شەهیدبون و هیچ یەکێکیان نیە کە فیشەکی بەرنەکەوتبێت و بریندارنەبوبێت یان بەشێک لە جەستەی لەدەستنەدابێت یاخود ئێستا نەخۆشی درێژخایانی نەبێت، داواکارم لە لایەنە سیاسیەکان بە دەنگی داوای پێشمەرگە دێرینەکانەوە بێن و لە نزیکترین کاتدا یاسایەک بۆ ماف و ئیمتیازاتەکانیان دەربچێت".

هاوکات جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەیان بەمەبەستی بەدواداچون بوە بۆ یاسای ماف و ئیمتیازاتەکانی پێشمەرگە دێرینەکان، ئەوان لە شاخ تەنها بەرگریان لە خۆیان نەکردوە، بەڵکو بەرگریان لە هەمو خەڵکی کوردستان کردوە، ئەوان تا ئێستا ئارامییان گرتوە و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن کە چاکسازی بکات بۆ ئەوەی بتوانرێت کە لانیکەمی داوای خەڵک جێبەجێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لە شاری هەولێر زیاتر لە 700 پێشمەرگە هەیە کە تا ئێستا زەویان وەرنەگرتوە، بە دەیان پێشمەرگە سەریان ناوەتەوە لە چاوەڕوانی پێدانی زەوی و خانودا، "دەبوایە حکومەت شەفاف بوایە و ئەو داهاتەی کە کۆدەکرێتەوە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت".

جەمیل هەورامی باسی لەوەشکرد، "لە شاری سلێمانی پێشمەرگەی دێرین هەبوە لەناو مزگەوتدا مردوە واتا ماڵی نەبوە، برادەر چوە ناشتویەتی، ئێمە نەمانزانیوە ئەوکاتە کۆمەڵەکەمان نەبوە، پێشمەرگەمان هەبوە نوسەریشە لە خانوەکەیدا دەرکراوە و چوەتە مزگەوت و منداڵەکانیشی چوەتە ماڵی خەزوری، ئێمە پارەمان بۆ کۆکردوەتەوە و یارمەتیمان داوە و خانومان بۆ گرتوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×