"باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا: واشنتۆن هەوڵدەدات ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئێران بەڕێگەی دیپلۆماتی چارەسەربكات"
  2021-01-24       1098       

بەپێی قسەی نوسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، وتویەتی، وڵاتەكەی هەوڵدەدات ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئێران بەڕێگەی دیپلۆماتی چارەسەربكات.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننایەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، قاسم ئەعرەجی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی كردوە لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، لە دیدارەكە باڵیۆزی ئەمریكا، وێڕای سەرەخۆشی بەبۆنەی تەقینەوەكانی گۆڕەپانی تەیەرانی بەغداو كوژرانی چەند چەكدارێكی حەشدی شەعبی، جەختی لە بەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق كردۆتەوە بۆ روبەڕوبنەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.

قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەداوە كە عێراق چاوی لە بەردەوامیی پشتیوانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە بواری روبەڕوبونەوەی تیرۆرداو لەگەڵ ئاڵوگۆگۆڕی زانیاری لەبارەی تیرۆریستانەوە لەپێناو سەركەوتن بەسەر پاشماوەی شانەكانی تیرۆردا.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە، لە دیدارەكەدا ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا رونیكردۆتەوە كە "ناكۆكییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران هێشتا بونیان هەیەو واشنتۆن هەوڵی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانە دەدات لەڕێگەی دیپلۆماتییەوەو جەختیشی كردۆتەوە كە چارەسەریی دیپلۆماتی پێویستی بە هەوڵی زۆرە."

هێشتا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبارەی دیدارەكەوە راگەیەندراوی رەسمی بڵاونەكردۆتەوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×