لە عێراق شەش توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-01-28       403       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا، شەش توشبوی كۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵات گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان لە دهۆك بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 35 هەزار و 950 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 943 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 933 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەش توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان لە پارێزگای دهۆك بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 617 هەزار و 202 كەس و لەوانە 13 هەزارو 24 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 588 هەزارو 260 كەسیان چاكبونەتەوەو 15 هەزارو 918 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 166 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×