بەرهەم ساڵح داوای‌ چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەو قەیرانەکان‌و نەھامەتییەکانی خەڵکی عێراق‌و هەرێم ده‌كات
  2021-02-02       665       
سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان بێ جیاوازی. هاوكات داوای‌ چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەو قەیرانەکان‌و نەھامەتییەکانی خەڵکی عێراق‌و هەرێم ده‌كات.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی و گفتوگۆکرا دەربارەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی وڵات و گرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار، لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لە گرنگی تێپەڕاندنی ئەو بابەتانەی کە رێگرە لە بەردەم پەسەندکردنی بودجەی گشتی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و زامنکردنی مافی سەرجەم پارێزگاکان بە گوێرەی پێویستی و دابینکردنی شایستەی سندوقی پترۆ دۆلار، هەروەها پشتیوانیکردنی قوربانیانی تیرۆر و ئاوارە و چین و توێژی ھەژاران و کەمدەراماتەکان و دابینکردنی پشتیوانی دارایی پێویست بۆ دەزگا ئەمنییەکان لە سوپا و پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی شەعبی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان.

ھاوکات ھەوڵەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەکە بەرز نرخێنرا لەبارەی ھەوڵەکانیان سەبارەت بە تێپەراندنی بودجەی گشتی بە جۆرێک خواستی ھەموو هاووڵاتیان و پارێزگاکان بھێنێتەدی.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە دووپاتیکردەوە لە پێویستی دوور خستنەوەی بودجەی گشتی لە ململانێ سیاسییەکان و پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەر و یاسایی لە پێناو پاراستنی مافی سەرجەم ناوچە و ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.

سەبارەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆک بەرھەم، جەختیکردەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، ھاوکات پرۆسەی چاکسازیی ریشەیی بەشێوەیەکی جددی بێتەکایەوە وەک چارەسەرێک بۆ کێشە و قەیرانەکان و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لەوە کرد کە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان، راستەخۆ پەیوەستە بە درێژەدان ریشەکێشکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامان و پارەی بە تاڵانبراو و سزادانی گەندەڵکاران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×