لە عێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشا
  2021-02-03       431       

بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق هەڵكشاوە بەشێوەیەك بەراورد بە چەند هەفتەی رابردودا، بۆ یەكەمجار ئەمڕۆ ژمارەی توشبوان زیاتربوە لە ژمارەی ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 46 هەزار و 583 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان یەك هەزارو 317 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 275 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 11 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە سیانیان لە پارێزگای دهۆك بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 623 هەزار و 72 كەس و لەوانە 13 هەزارو 79 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 595 هەزارو 869 كەسیان چاكبونەتەوەو 14 هەزارو 124 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 183 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×