سەرۆكی پەرلەمانی ئێران: چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا سەرچاوەیەكی پێویستە بۆ سەقامگیریی لە عێراق
  2021-02-04       515       
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت گرنگیدان بە داخوازی گەلی عێراق بە چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا سەرچاوەیەكی پێویستە بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و ناوچەكەدا.

ئاوێنە: محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 3ی شوبات لەمیانەی پێشوازیكردنیدا لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، وڵاتەكەی پشتیوانیی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و سەلامەتی خاكەكەی دەكات، هەروەك پشتیوانیی بەشداریی عێراق لە كاردانەوە هەرێمایەتییەكان دەكات و باوەڕیان وایە عێراق قورساییەكی گرنگی لە بوارە سیاسی و ئابورییەكانی ناوچەكەدا هەیە.

وتیشی، “گومانی تیانییە كە ئێران و عێراق دوو وڵاتی كاریگەرن، دەشێت بەرەوپێشەوەچوونی گەورە لە ناوچەكەدا ڕوبدات بەهۆی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات”.

“هۆكاری سەرەكی كێشەكانی ئێستا بوونی سەربازی و دەستێوەردانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا” وەك ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی وت، “گرنگیدان بە خواستی گەلی عێراق كە خۆی لە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەبینێتەوە تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، هۆكارێكی گرنگ دەبێت لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و ناوچەكەدا”.

دوپاتیشیكردەوە، گومانی تێدانییە كە بوونی ئەمریكییەكان لە ناوچەكەدا هاوكار نابێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و جێگیربوونی ئاسایش لە عێراق و ناوچەكەدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×