سه‌در داوای له‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مەریكا دەکات، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی لە عێراق بكشێنێته‌وه‌
  2021-02-11       406       
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای له‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مەریكا کرد، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه‌ و رایگەیاند "ئه‌مەریكا هێشتا هه‌ر داگیركه‌ره‌".

ئاوێنە: دوای ئەوەی یەکەکانی سەرایا سەلام، کە سەر بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن لە چەند شەقامێکی سەرەکیی نەجەف، کەربەلا و بەغدا بڵاوبوونەوە و هێزیان نیشاندا، لەلایەن بەشێکی چالاکوانان و خەڵکی عێراق رەخنەی زۆریان لێگیرا و، گوترا "ئەمە لە شکۆی دەوڵەت کەمدەکاتەوە"، بۆیە موقتەدا سەدر دوێنێ (چوارشەممە، 10ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازدا.

رێبه‌ری ره‌وتی سەدر بەشێکی گوتەکانی تایبەت کرد بە بوونی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق، ئەوانی به‌ داگیركه‌ر ناوبرد و گووتیشی "پێویسته‌ به‌ رێگه‌ی دیپلۆماسی و په‌رله‌مانی، ئه‌مەریكا له‌ عێراق بكشێته‌وه"‌.

لەکاتێکدا لە ساڵی رابردووەوە، ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووە، موقته‌دا سه‌در دەڵێ "بوونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان عێراق و ئیسرائیل قه‌ده‌غه‌یه‌ و، به‌ خوێن رێگه‌ی لێدەگرین".

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەرایا سەلام، سەدر گوتی "سوپاسیان دەکەم کە زۆر بەپەرۆشن بۆ وڵات و بوونی ئەوان لە شکۆی دەوڵەت کەمناکاتەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×