لە عێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشا
  2021-02-15       379       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشاوە، بەشێوەیەك دو هەزارو 798 حاڵەتی نوێی توشبون تۆماركراون و هاوكات شەش توشبوی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 47 هەزارو 129 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان دو هەزارو 798 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 119 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەش توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە هیچیان لە هەرێمی كوردستان نەبون.

ماوەی چەند رۆژێكە تۆماری رۆژانەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق روی لە هەڵكشانەو ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی عێراق تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی توشبون بە كۆرۆنای گۆڕاوی ئاشكراكرد. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراقیش چەند بڕیارێكی نوێی بۆ توندكردنەوەی رێكارەكانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا راگەیاندون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 646 هەزار و 650 كەس و لەوانە 13 هەزارو 185 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 608 هەزارو 178 كەسیان چاكبونەتەوەو 25 هەزارو 287 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 284 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×