وەزارەتى دارایى هەرێم چارەنوسى موچە نەدراوەکانى فەرمانبەران یەكلادەكاتەوە
  2021-02-25       921       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا دەڵێت، موچەی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمموز و ئاب، تشرینی دوەم و کانونی یەکەمی ساڵی رابردو کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج نەکراوە، بەشێوەی قەرز تۆماربكرێت.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە نوسراوێكدا كە ئیمزای ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەكانی بە وەزارەت كردوە، رایگەیاندوە"موچەی مانگەکانی ساڵی دارایی 2016، 2017 هەر وەخ خۆی بمێنێتەوە بە موچەی شایستەی نەدراو، چونکە لە تەرازوی پێداچونەوەی ساڵانی دارایی 2016، 2017 بە موچەی شایستەی نەدراو تۆمارکراوە و لە هەمانکاتدا لە بەیاننامەی دارایی ئاماژەی پێکراوە."

هەروەها لە نوسراوەكەدا هاتوە"موچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموزی ساڵی دارایی 2020 کە لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ خەرج نەکراوە، بۆ هەرێمی کوردستان بکرێتە قەرز، (الدائنون) و وەک وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێکردوە، "ئەمەش پابەندبونە بە بڕیاری ئاماژەپێکراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران. هاوکات موچەی مانگەکانی نیسان و ئابیش بە هەمان شێوە تۆماربکرێت."

لە نوسراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتوە، "سەبارەت بە موچەی مانگەکانی تشرینی دوەم و کانونی یەکەمی ساڵی 2020، بە هەمان میکانیزمی بڕگەی دوەم جێبەجێکرێت کە وەکو قەرز تۆمار بکرێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×