ئەو مامۆستایەی وتی بە قۆپی دەرچوم: ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندوە
  2021-02-28       1203       

ئەو مامۆستایەی كە لەمیانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی بە قۆپی دەرچوم، رایگەیاند، لەو بەرنامەیەدا بۆ گاڵتە باسی قۆپیەكردن لەكاتی تاقیكردنەوەدا كرا، ئەگەر نا "بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە." دەشڵێت: "هەزاران قوتابی و منداڵی شارەكەمم پێگەیاندوە."

ئاوێنە: چەند رۆژێك لەمەوبەر، ئاشنا فەلاح، كە لە پەیمانگایەكی ئەهلی مامۆستایە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەرفیهیدا رایگەیاند، هەمو ساڵێك لە پۆلی دوی ناوەندییەوە تاوەكو زانكۆیشی تەواو كردوە، لە هەمو تاقیكردنەوەیەكدا قۆپی كردوە.

ئەو وتانەی ئەو مامۆستایە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.

ناوبراو ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا لەوبارەیەوە وتویەتی"لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمەئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بەشێوەکی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دور لە ھەر بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان."

ئاشنا فەلاح جەختی كردۆتەوە كە "بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بەتایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندوەو پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان."

هەروەك دوپاتیشیكردۆتەوە كە "ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە کارێکی ساختەو نادروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین ھەم وەک قوتابی، ھەم وەک پەروەردەکار."

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک بۆ رایگشتی

ھاوڵاتیانی کوردستان، پەروەردەکاران، میدیاکاران و مامۆستایانی بەڕێز.

بە پێویستی دەزانم ڕونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی ١٠٠ پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیھییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت.

لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمەئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بەشێوەکی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دور لە ھەر بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان.

لە کاتێکدا بە ڕونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بەتایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندوەو پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان.

ھەر بۆیە زیاتر لە جارێک بەشداریان بە منداڵەکانیان کردۆتەوە لە خول و چالاکییەکانماندا.

ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاکیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و ھەوڵ و کۆششدانمان بۆ ئامادەبوان خستۆتە ڕو، لەگەڵ ئەوەش ھێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە ھەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەکردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای رێگەداین بۆیە بەردەوام لە کۆرس و خولی فێرکاری بەشدار دەبین.

لە کۆتاییدا جگە لەوەی دوپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە کارێکی ساختەو نادروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین ھەم وەک قوتابی، ھەم وەک پەروەردەکار، دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان و درێژە بە کاروانی پەروەردەیی دەدەین و کوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربوانمان دەکەین و لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوەستین.

لەگەڵ رێزدا..
ئاشنا فەلاح

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×