وەزارەتی دارایی رونکردنەوەیەکی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان بڵاوکردەوە
  2021-03-02       657       

وەزارەتی دارایی و ئابوری رونکردنەوەیەکی تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان جوڵاندبوی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پابەندبونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕن و هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی لەبارەی  ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ به‌رپرسانی ده‌روازه‌ی په‌روێزخان و گومرك بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری 2021/2/9 تایبەت بە وردینیکردن و پێداچونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص)ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بو، "بەپێی ڕێنماییەکان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە".

وەزارەتی دارایی و ئابوری باسی لەوەشکرد، "ئێمە لەکاتێکدا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمانکاتدا داوا لە دادگاکان و دادوەرەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندوبون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".

19ی مانگی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ دوای ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بون له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان ئاماده‌ی دادگا بن، دادگای قۆره‌تو له‌گه‌رمیان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی په‌روێزخان و به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان ده‌ركردو پێنج رۆژ دواتریش دەستگیرکران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×