گروپێکی بەلوچ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردە ئامانج
  2021-03-03       803       
گروپی بەلوچی ‘جیش العدل’ ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سەراوان کردە ئامانج و ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج پاسدار کوژراون.

ئاوێنە: ئێوارەی دوێنێ لە ناوچەی ‘کشتەگان’ی سەربە شارەدێی ‘بەمپەشت’ لە شاری ‘سەراوان’ی سەربە پارێزگای بەلوچستان، ئۆتۆمبێلیکی بڕیارگەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کرایە ئامانج.

ماڵپەڕەکانی نزیک لە گروپی ‘جیش العدل’ کە گروپیکی چەکداری- سیاسیی بەلوچەکانە، ڕایانگەیاند ئەو هێرشە لەلایەن ‘جیش العدل’ـەوە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامیدا پێنج ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.

محەمەد هادی مەرعەشی جێگری ئەمنی-سەربازیی پارێزگاری بەلوچستان ئەو هێرشەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: یەکەیەکی ئەندازیاری لەناو ئەو ئۆتۆمبێلە بوون و لەلایەن گروپی جیش العدلەوە کراونەتە ئامانج.

جێگای ئاماژەیە، لە ٢٣ی مانگی ڕابردوو و دوابەدوای کوشتاری کۆڵبەرانی بەلوچ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوان، خۆپیشاندانێک دەستیپێکرد و تەشەنەی کردە شارەکانی دیکەی بەلوچستان و نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام بوو، لەم ماویەدا دەسەڵات بە هێنانی هێزی تایبەت و ئۆتۆمبێلی تایبەت و زرێپۆش و تانک و هێلیکۆپتەر، هەروەها بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن، دەستیکردە سەرکوت کردنی ڕاپەڕینی بەلوچەکان و چەندین کەسی دیکەی کوشت و بریندارکرد و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی دەستگیرکرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×