نێچیرڤان بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەكان: هەمومان پێكەوە دەتوانین روبەڕوی سەختییەكان ببینەوە
  2021-03-05       734       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی راپەڕینەوە داوا لە هه‌مو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كات، ئەو یادە بكەنە هه‌وێنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و نه‌هێشتنى كێشه‌و ناكۆكييه‌كان و جەختیش دەكاتەوە كە "هه‌مومان پێكه‌وه‌ ده‌توانين ڕوبه‌ڕوى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه‌."

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ هەینی، بە بۆنەی یادی 30 ساڵەی راپەڕینەوە لە پەیامێكدا وتویەتی"ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا يادى ئه‌و ڕۆژه‌ پيرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانى ده‌كه‌ينه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌مو كاتێك زياتر پێويستى به‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هه‌مو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌يه‌ تاكو بتوانێت په‌يام و ئامانجه‌ پيرۆزه‌كانى ڕاپه‌ڕين و به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕيندا ته‌واوى كوردستانييان به‌ هه‌مو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كان و هه‌مو ئاراسته‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌ جياكانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌يه‌كى يه‌كگرتودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕين و سه‌ركه‌وتين، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌مومان پێكه‌وه‌ ده‌توانين ڕوبه‌ڕوى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه‌و مافه‌ ده‌ستورييه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنين و بپارێزين."

نێچیرڤان بارزانی وتوشیەتی"له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌مو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، يادى ڕاپه‌ڕين بكه‌ينه هه‌وێنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و نه‌هێشتنى كێشه‌و ناكۆكييه‌كان تا گيانى كاروانى شه‌هيدانى كوردستان شاد بكه‌ين و هه‌مومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتويه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێين، پێكه‌وه‌ بۆ كوردستانێكى ئارام، ئاوه‌دان و سه‌قامگير تێبكۆشين كه‌ بۆ هه‌ميشه‌ به‌ لانكه‌ى ئازادى، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبوڵكردن بمێنێته‌وه‌."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×