ئا: ئاوێنه
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان لەکۆشکی سەرۆکایەتی عێراق وتارێکی پێشکەشکردو ڕایگهیاند، فرە ئاینیو کولتوری رەگەزی لەعێراق سەرچاوەیەکی بەبەهایەو دەبێت بیپارێزن. بهپێویستیشیزانی كه جیاوازییەکان بکرێتە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتریو گەشەکردنی کۆمەڵگه.
دوای ئهوهی ئهمرۆ ههینی بهسهردانێكی ڕهسمی گهیشته عێراق، پاپا فرانسیس لەلایەن سەرۆک كۆمارو سەرۆک وەزیرانی عێراقهوه پێشوازی لێكرا، دواتر پاپا لەکۆشکی سەرۆکایەتی وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی برایەتیو یەکڕیزی گەلانی عێراق کردەوەو رایگەیاند، "پێویستە جیاوازییەکان بکەینە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری و گەشەکردنی کۆمەڵگه."
وتیشی، "چەندین جار نوێژمان بۆ عێراق کردوە، ئەم وڵاتە گرنگی و بایەخی زۆری کولتوری و ئاینی هەیە و ئەمڕۆش من وەک نوێژخوێنێک هاتوم بۆ عێراق."
راشیگەیاند، "پێویستە گوێ لەهاوڵاتیان بگیرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵبکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە... بەسە توندوتیژی و یەکتر کوشتن."
پاپا دڵخۆشی خۆی راگەیاند، بەوەی کە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا عێراق کاری باشی بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی کردوە و پێویستە هەمو لایەک هاوکاربن لەپێناوی هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لەو روەوە.
ئهوهشی وت، "سوپاسی هەمو ئەو وڵاتانە دەکەم کە وەبەرهێنان لەعێراقدا دەکەن، هاوکاری ئاوارە و خەڵکی عێراق دەکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدەن بۆ نێو ماڵەکانیان."
ئهوهشی خستهرو كه چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش رێکخراوی کاسۆلیکی هاوکاربون لەیارمەتیدانی گەلانی عێراپ.
داواشی کرد ئەو وڵاتانەی دەستی هاوکارییان درێژکردوە بۆ عێراق دەبێت ئەو هاوکارییانەیان نەکشێنەوە.
پاپا وتیشی، نابێت ئاین و خودا پەرستی بۆ مەبەستی تایبەتی و سیاسی بەکاربهێنرێت، جەختیشیکردەوە کە کەنیسەکانی کاسۆلیکی لەعێراق و ناوچەکە هەمیشە دەستی هاوکاری و میانڕەوی و خزمەتکردن درێژدەکات.
لەکۆتایشدا دوعا و پاڕانەوەی بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی عێراق کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو پێشوازییە و داوایکرد خوای گەورە عێراق سەرکەوتوبکات.
هاوكات بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەکۆبونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس و بەشێک لەسەرکردەو کەسایەتییەکانی عێراق وتارێكی پێشكهشكردو رایگەیاند، "بهخێرهاتنی قهداسهتی پاپا دهكهین، خۆشحاڵین كه هاتووهته عێراق، بهخێربێن بۆ "ئور" شاری پێغهمبهر ئیبراهیم".
وتيشى، "عێراقییەکان شانازی بەوەدەکەن کە ئەوان بۆ چەندین سەدە لە شارە فرە رەنگەکانیاندا ژیاون، بۆیە دەبینین مسوڵمان و سابیئە و جولەکە بۆ چەندین سەدە پێکەوە ژیاون و برایانە لە یەک شار و یەک گەڕەکدا دەژین، هەروەها کڵێساکان دراوسێی مزگەوت و حوسێنییەکانن، تیایدا دەنگی زەنگ و هەروەها بانگەکان لە ئاسمانی عێراق یەکدەگرنەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە پارێزەری کڵێساکانن، چونکە پاش دەستدرێژییەکەی تیرۆرستان بۆ سەر کڵێسای "سەیدا نەجات" گەنجانی مسوڵمان هاوتای برایانیان لە گەنجانی مەسیحی دەیانزانی کە ئەری نیشتیمانی و مرۆیی پێویست دەکات لەسەریان بەرگری بکەن وەک ئەوەی چۆن بەرگری لە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان دەکەن.
بهرههم ساڵح راشیگهیاند، سهربازه عێراقییهكان ئهو خاچهیان گهڕاندهوه موسڵو لهشوێنهكهی خۆی دایانناوه، دوای ئازادكردنی شارهكه لهدهستی رێكخراوی داعش لهساڵی (2017).
بهرههم ساڵح رونیكردهوه، "رۆڵی پاپا لهئاشتیو جهختكردنهوهی گفتوگۆی ههمه لایهنه، عێراقییهكان شانازی بهوه دهكهن، كه له شاری ئینتیمای ههمهجۆر ژیاون".