لەعێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشا
  2021-03-10       453       

بەپێی بەیاننامەی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشاوە بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 846 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 27 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 40 هەزارو 791 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 846 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

ماوەی چەند رۆژێكە تۆماری رۆژانەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق روی لە بەرزبونەوەیە.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە سێ هەزارو 135 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 27 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە چواریان لە پارێزگاكانی هەرێم بون: سێیان لە هەولێر و ئەویدیكەیان لە دهۆك.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 740 هەزار و 472 كەس و لەوانە 13 هەزارو 645 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 671 هەزارو 288 كەسیان چاكبونەتەوەو 55 هەزارو 539 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 417 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×