دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی خۆی هەڵوەشاندەوە
  2021-04-01       995       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی سلێمانی هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، ئەوەش بەقسەی دەستەكە دوای ئەوەی ئەركی خۆیان لە بانگەشەو كۆكردنەوەی ئیمزای پێویست بۆ پڕۆژەكە بەجێهێناوەو ئێستا تەنها ئەوە ماوەتەوە فشار لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت بۆ دانانی سندوقی راپرسی.

ئاوێنە: بەیار عومەر، ئەندامی دەستەكە، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "چەند مانگێك لەمەوبەر ئەركێكمان گرتە ئەستۆ كە بریتی بو لە بە هەرێمكردنی پارێزگامانی سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین. بەڵێنمان پێدابون كە ئیمزای دەنگدەرانی ئەم دەڤەرە كۆبكەینەوەو پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی بكەین."

وتیشی"توانیمان لەماوەی رابردودا ئەركی سەرشانمان راپەڕێنین، ئەم دەڤەرەی ئێمە یەك ملیۆن 500 هەزار دەنگدەری تێدایە، لە ئێمە داواكراو بو كە ئیمزای لەسەدا 2ی دەنگدەران كۆبكەینەوە كە دەكاتە 30 هەزار دەنگدەر، ئێمە توانیمان ئیمزای نزیكەی 150 هەزار دەنگدەر كۆبكەینەوە كە لەسەدا 10ی دەنگدەران دەكات."

ئەوەشی خستەڕو"ئێمە وەك بەڵێنمان دابو، داوی جێبەجێكردنی ئەركەكانمان، دەستەكە هەڵدەوەشێنینەوە، ئێستاش كە هەستدەكەین ئەركەكانی خۆمان بەجێهێناوە، دەستەكەمان هەڵدەوەشێنینەوەو هەركەسێك لە دەستەكە ئازادە چ كارێك هەڵدەبژێرێت. تەنها چەند كەسێكی خۆبەخش دەمێنینەوە وەكو لیژنەیەك بۆ بەدواداچونی رێكارە یاساییەكانی ناو كۆمسیۆن."

جەختیشی كردەوە كە لە ئێستاوە دەزانین كە ئاستەنگمان بۆ دروست دەكرێت، بۆیە خۆمان بۆ ئەم قۆناغەش ئامادەكردوە.

بەیار عومەر وتیشی"ئێمە وەكو چەند كەسێكی خۆبەخش بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیەو هەوڵدەدەین تیمێكی پارێزەران راسپێرین بۆ روبەڕوبونەوەی بەربەستە یاساییەكان، هاوكات داوا لە پەرلەمانتارانی بازنەی پارێزگای سلێمانی دەكەین لە پەرلەمانی عێراق بەدەر لە ئینتیمای حیزبییان بەئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن و بەرگری سیاسی و یاسایی لەم پڕۆژەیە بكەن، تەنها رێگە مابێتەوە بۆ رزگاركردنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بە هەرێمكردنی ئەم دەڤەرەیە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە "لەم قۆناغەدا كاری ئێمە تەواو بوە، دەمێنێتەوە سەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوان بڕیاردەدەن لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی راپرسی لە پارێزگای سلێمانی. كەواتە شەڕی سیاسی و یاسایی ماوە لە بەغدا بۆ ئەوەی فشار لە كۆمسیۆن و حكومەتی عێراق بكرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی، پەرلەمانتارانی بازنەی سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق لەم روەوە دەتوانن رۆڵێكی كاراو كاریگەر بگێڕن. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێمە قۆناغە سەختەكەمان تێپەڕاندوە كە بریتییە لە ئەنجامدانی بانگەشەو ئیمزاكۆكردنەوە بۆ پڕۆژەكە. تەنها قۆناغە ئاسانەكە ماوە كە بریتییە لە دانانی سندوقی راپرسی لەلایەن كۆمسیۆنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×