ئۆفیسی رێكخراوی تەندروستی جیهان لەناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كرایەوە
  2021-04-05       376       

بە مەبەستی ئاگاداربون و سەرپەرشتی كردنی دۆخی كۆرۆنا بەشێكی تایبەت بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كرایەوە، لێپرسراوی رێكخراوەكەش هۆشداری لە بارودۆخی پەتاكە دەدات.

ئاوێنه‌: دكتۆر نەجمەین لێپرسراوی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لقی سلێمانی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كردبو ئۆفیسێكمان لە ناو بەڕێوەبەرایەتیەكە بۆ بكاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی رۆژانە بیروڕا بگۆڕینەوە سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا.

رونیشیكردوەتەوە: لە ئێستا رێژەی توشبون لە سلێمانی روو لە زیادبونە و پێشتریش رامانگەیاندبو لە ناوەڕاستی مانگی سێدا رێژەكە بەرز دەبێتەوە و هەرواش دەرچو، بەداخەوە خەڵك پابەند نین بە رێنماییەكانەوە و خەڵك لە ئاهەنگی نەورۆزدا دەمامكیان بەكارنەهێنا و ئەمەش وای كرد كە رێژەی توشبون زیاد بكات.

بەرپرسەكەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی هێمای بۆ ئەوەشكردوە، پێشتر لە هەفتەیەكدا تەنها 129 توشبو تۆمار دەكران بەڵام لە ماوەی 28ی 3 بۆ 3ی 4 753 توشبو تۆمار كراون واتا رێژەكە 15 هێندەیە، هەروەها لە 15 هەفتەدا 105 كەس گیانیان لەدەستدابو بەڵام لەم هەفتەیەدا 22 كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارەش مەترسیدارە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×