د.سەباح هەورامی: ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا زیاتر بێت قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەندرێت
  2021-04-05       632       

د. سەباح هەورامی رایگەیاند، ئەگەر ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتربێت قەدەغەی گشتی هاتوچۆ رادەگەیەندرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی نیسانی ٢٠٢١، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند:" لە ئێستادا دۆخەکە بەوشێوەیە نییە کە پێویست بکات قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەی توشبووان زیاتربێت بە دڵنیاییەوە قەدەغەی گشتی هاتوچۆ رادەگەیەندرێت ".

ناوبراو راشیگەیاند:" لە سنوری پارێزگای سلێمانی ژمارەیەکی زۆر لە ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارهێندراون و دامودەزگاکانیش داواکارییەکی زۆریان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە پێشکەشکردووە، رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشی پێویست نەمێنێت ".

ئاماژەی بەوەشکرد :" ساڵی رابردوو سێ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکرابوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ نیو ملیار کەمکراوەتەوە و داوامانکردووە ئەو پارەیە بۆ ١٠ ملیار دینار زیاد بکرێت ".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی داخستنی مزگەوتەکان داوایکرد ئەو بابەتە بە هەستیاری وەرنەگیرێت و هەر شوێنێک مەترسی قەرەباڵغبوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای لەسەر بێت بە دڵنیاییەوە دادەخرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×