رێوشوێنی توند بۆ كەرەنتینە دەگیرێتەبەر
  2021-04-08       302       

پارێزگاری هەولێر لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە سەڕەڕای ئەوەی لەهەندێ شوێن پێداگیری كرا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوون لەئەمشەوەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەیەنین، داوای پابەندبوونی هاوڵاتیان دەكەین بەبڕیارەكان.

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو، دەشڵێت، خەمی بژێوی و كاسبی هاوڵاتیانمان هەیە، بەڵام پەرۆشی تەندروستی هەموولایەكیشین، بەدڵنیاییەوە حكومەت گرنگی بەڕەوشی تەندروستی دەدات، بڕیارەكەش تاوەكو ١٢ی مانگ بەردەوام دەبێت، ئومێد دەكەین ژمارەی تووشبووان كەم ببێتەوە، تاوەكو پێداچوونەوە بەبڕیارەكە بكەین.

باسی لەوەشكرد، ئەمشەو ئامادەكارییەكان لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە بەبەشداری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بەپێشمەرگەشەوە دەكرێن و بازگە دادەنێن، لەكاتژمێر ٨ەوە بڕیارەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردن، داواش لەهاوڵاتیان دەكەین كە لەشارەكانی تر دێن لەم كاتانەی قەدەغەی هاتووچۆ نەیەنە ڕێگا، چونكە ڕێگا بەكەس نادرێت، بەم هیوایەی لەبڕیارەكان بەرەو بڕیاری قوڕستر نەچین، داواكارین هاوڵاتیان پابەندبن ئەگەر گرنگ نەبێت هاتووچۆ نەكەن، جگە لەهەندێ كەس، سەرجەم شوێنەكانیش دادەخرێن.

پارێزگاری هەولێر وتیشی، لەتەواوی پارێزگای هەولێر بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و ئەركی هەمووانیش دابەشكراوە و بڕیاری پێوستمان وەرگرتووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان كە لەسەرووی هەمووی ئەركێكی حكومەتە، چونكە خەسارەتێكی زۆرمان داوە تاكە ڕێگاش خۆپارێزییە.

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەم ڤاكسینەی دێتە هەرێم لەبەغداد، حكومەتیش لەهەوڵی دابینكردنی ڤاكسیندایە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، ئەوانەی پابەند نابن، پێبژاردن و دەستگیركردنیشی تێدایە، ئێمە چاوەڕوانی هاوكاری هاوڵاتیانین، بەوهیوایەین هیچ كەسێك تووشی سزا نەبێت، ئەوانەشی تائێستا لەڕابردوو سزادروان زیاتر لە ٤٠ شوێن هەبووە، بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش هێزە ئەمنییەكان ئاسانكاری دەكەن بۆ ڕۆژنامەنووسان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×