مەسرور بارزانی: حكومەتی هەرێم پشتیوانی لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق دەكات
  2021-04-08       338       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتەكەی پشتیوانی لە گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا دەكات كە دوێنێ چوارشەممە، بەڕێوەچو.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتێكدا نوسیویەتی"پێشوازی لە گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق دەكەم."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە كە "حكومەتی هەرێم جەخت لە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو گفتوگۆیانە دەكاتەوە. گفتوگۆكان رێگەیەكن بۆ كاری هاوبەش و هاریكاری زیاتر لە بوارەكانی چاكسازی، ئاسایش، بازرگانی، وەبەرهێنان، ژینگەو وزەی پاك."

دوێنێ چوارشەممە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵات بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچو كە نوێنەری هەرێمی كوردستانیش بەشداربو تێیدا.

دوای كۆبونەوەكەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەدا رایگەیاند، لایەنی ئەمریكی بەڵێنی داوە بەشێكی زۆری هێزەكانیان لە عێراق بكشێینەوەو هیچ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی لە عێراق نەمێنێت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەكۆبونەوەكەدا لەگەڵ لایەنی ئەمریكی باسیان لەو پێشكەوتنانە كردوە كە هێزە عێراقییەكان لەروبەڕوبونەوەی تیرۆردا بەدەستیانهێناون و لەگەڵ لایەنی ئەمریكی رێككەوتون لەسەر ئەوەی هێزە عێراقییەكان ئەركی روبەڕوبونەوەی داعش بگرنە ئەستۆ.

قاسم ئەعرەجی وتیشی، عێراق جەختی لە پاراستنی كارمەندان و دیپلۆماتكارانی بیانی كردەوەو هەردولاش رێككەوتن لەسەر ئەوەی هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانی لە عێراق نەمێنێت.

جەختیشی كردەوە كە گەڕی سێیەمی گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئەمریكا سەركەوتو بو.

لای خۆیشییەوە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی، لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ ئەمریكا رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا.

لەلایەكی دیكەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەی كۆبونەوەكەوە لە تویتێكدا وتی، خۆشحاڵ بوم بە قسەكردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق لە یەكەم گفتوگۆمدا وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشبینی خۆیشی بەرامبەر بە گفتوگۆكان نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق.

بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیش، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە گرنگی پەیوەندییە دو قۆڵی و بەهێزەكانی نێوان هەردو وڵات كراوەتەوە بەشێوەیەك كە لەخزمەت هەردو گەلی عێراق و ئەمریكادا بن.

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتوە كە هەردو وڵات جەختیان لەوە كردۆتەوە ئەو بنكە سەربازییانەی سەربازانی هاوپەیمانی تێدان بنكەی سەربازی عێراقین و هێزەكانی هاوپەیمانان تەنها بۆ پشتیوانی هەوڵەكانی عێراق لە شەڕی دژبە داعش لەو بنكانەدان.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە حكومەتی عێراق پابەندبونی خۆی بۆ پاراستنی سەربازان و كاروانە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتكارە بیانییەكان دوپاتكردۆتەوە.

هەروەها بەپێی بەیاننامەكە هەردولا گەیشتونەتە ئەوەی كە رۆڵی هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانی لە ئێستادا بوە بە ئەركی مەشق و راوێژ بە هێزە عێراقییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×