سوپاسالای پێشمەرگە: لە خانەقینەوە تا رۆژئاوای دیجلە بۆشایی ئەمنی هەیە
  2021-05-01       504       

جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ رایگەیاند، داعش سودی لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق وەرگرتوە و پێشتر چەندین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کردوە، بەڵام هێزەکانی عێراق تا ئێستا ئەو بۆشاییە ئەمنەییان پڕنەکردوەتەوە.

ئاوێنە: جەمال ئێمینکی، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیاكانی پارتی رایگه‌یاند: "لە خانەقینەوە تا رۆژئاوای دیجلە، بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی عێراق هەیە، ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی چەکدارانی داعش خۆیان رێکبخەنەوە و هێرش و کردەوەکانیان زیاتر بکەن."

وتیشی: "چەندین جار بە هێزەکانی عێراقمان وتوە، بونی بۆشایی ئەمنی هۆکارە بۆ چالاکبونەوەی داعش، دەبێ بە هەماهەنگی و هاوبەشی بۆشاییەکە پڕ بکەینەوە، بەڵام هۆشدارییەکەمان بە هەند وەرنەگیراوە و لایەنی عێراقی بۆ رێکكەوتن نەهاتوەتە پێشەوە."

جەمال ئێمینکی، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ لیژنەی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ئەوە رێکەوتبوین کە چوار ناوەندی هەماهەنگی بکەینەوە، بەڵام تائێستا تەنها دو ناوەند کراونەتەوە، یەکێک لە هەولێر و ئەوەی دیکە لە بەغدا."

سوپاسالاری پێشمەرگە، هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە وتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە زورگەزراو هێرشیان کردوەتە سەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە، بەتوندی لەلایەن پێشمەرگە وەڵامی هێرشەکە درایەوە و هێرشی داعش تێکشکێندرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە شەهیدبون و دو پێشمەرگەی دیکەش برینداربون".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×