2021-05-02   871     
عەبدوڵای کوێخا موبارەک بۆ یەکەم جار دوای پەیوەندیکردنی بە پارتییەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئێمە لە هەر بەرەیەکدا بین لەگەڵ خەڵکدا دەبین و داوا لە دۆستەکانمان دەکەین بێنە ناو پارتییەوە و لێرە پێکەوە خزمەت بکەین."
ئاوێنە: راشیگەیاندووە، "پارتی حزبێکی وەفادارە بەرامبەر ئەندام و لایەنگرانی و باوەشی بۆ ئێمەش کردەوە"، وتووشییەتی، "نوێنەرانی پارتی لە حکومەتدا راستگۆن و جددین و لە سیاسەتی کەرکوکدا جددین و داکۆکیکارن."
عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە لە پێناو پارە و پۆستدا خۆمان نافرۆشین و لەگەڵ پارتیدا باسمان لەو شتانە نەکردووە"، دەشڵێت، "ئامانجمانە دوای پەیوەندیکردنمان بە پارتی وڵات بەرەو بە سیستم کردن بڕوات و قەیرانەکان چارەسەربکرێن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر عەبدوڵای کوێخا موبارەک وەک کەسایەتییەکی دژە دەسەڵات دەردەکەوت و خۆی نیشاندەدا، بەڵام لە ئیستادا پەیوەندی بە ریزەکانی پارتییەوە کردووە، کە ئەوەش بەلای بەشێک لە چاودێرانەوە بە پلانی دەسەڵات دەزانن بۆ بێ ئومێد کردنی هاوڵاتیان، کە کارەکتەی لەو جۆرە لەناو هێزەکاندا جیگیر دەکەن و لەکاتێکدا کە خۆیان مەبەستییانە بۆ ریزەکانیان دەیگەڕێننەوە.