سێ پەرلەمانتاری كورد داوادەكەن دەزگا دادوەرییەکانی عێراق رۆڵیان لەكەیسی سزادراوانی بادیناندا هەبێ
  2021-05-06       426       

سێ پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق پێیانوایە پەسەندكردنی سزای پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسی بادینان لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە، دو ئامانج بۆ "ستەمكاران" دەپێكێت و بە پێویستیشی دەزانن دەزگا دادوەرییەكانی عێراق لەو بابەتەدا رۆڵیان هەبێت و "نەهێڵن چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت."

ئاوێنە: هەر سێ پەرلەمانتار، غالب محەمەد، سەركەوت شەمسەدین و رێبوار كەریم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا وتویانە"لەئێستادا گفتوگۆی گەرمی لایەنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی عێراق و کوردستان و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان بەڕێوەدەچێت. لەگەرمەی ئەو گفتوگۆیەدا سزای زیندانیکراوانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزەوە سەپێندراو حوکمی شەش ساڵەکە بوە بڕیارێکی چەسپاو."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئەم هەوڵەو لەم کاتەدا دو ئامانج بۆ ستەمکاران دەپێکێت، لەلایەك لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵن بە گفتوگۆی سیاسی و پێناچێ هەڵوێستی توندیان هەبێ سەبارەت بەو کەیسە. لەلایەکیتریشەوە ئەو حوکمە ستەمکارانەیە دەچەسپێت کە بەناهەق بەرامبەر گیراوانی بادینان دەرکراو ئیتر دەبێتە وانەیەکیش بۆ خەڵکانیتر."

ئەو سێ پەرلەمانتارە كوردە جەختیان كردۆتەوە كە "ئەم بابەتە نابێ بێدەنگی لێ بکرێت و ئێمە لای خۆمانەوە بە وردی کار لەسەر تەواوی ئەو بڕگانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی چالاکوان و رۆژنامەنوسان لەگەڵ باڵیۆزخانەو کونسولگەری وڵاتان."

هەروەها بە پێویستیان زانیوە كە "دامودەزگا دادوەرییەکانی عێراق لەم بابەتەدا رۆڵیان هەبێت و نەهێڵن چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت."

 

راگەیەندراو بۆ ڕای گشتی لەئێستادا گفتوگۆی گەرمی لایەنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی عیراق و کوردستان و بەرەنگاربونەوەی...

Posted by ‎Ghalib M. Ali-غالب محمد عەلی‎ on Thursday, May 6, 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×