پێشبینی ئاژانسێكی ئەمریكی بۆ کات و شوێنی کەوتنەخوارەوەی موشەكە چینییەکە
  2021-05-08       1085       

ئاژانسێکی گەردونناسیی ئەمریکی پێشبینی دەکات، موشەكە ئاسمانییە چینییەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە نیوزیلەندا بکەوێتە خوارەوە.

ئاوێنە: ئاژانسی "ئەیرۆسپەیس کۆرپێرەیشن"ی ئەمریکی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی دەکەن، سەعات 20:19 خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە یان سەعات 12:19 خولەکی دواینیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی گرینیچ، موشەكەكە بگاتە نێو بەرگە هەوای زەوی، کە بەکاتی هەولێر دەکاتە سەعات 23:19 خولەکی شەوی شەممە یان 15:19 خولەکی دواینیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە.

بە گوێرەی ئەو نەخشەیەی کە ئاژانسە ئەمریکییەکە بڵاویکردوەتەوە، پارچە موشەكە ئاسمانییەکە لە نزیک باکوری نیوزلەنداوە، بەرگەهەوای زەوی دەبڕێت.

بەڵام ئاماژەشی بەوە کردوە کە دەکرێت پارچە موشەكەکە لە هەر شوێنێکی دیکە بکەوێتە خوارەوە، چونکە ئەو هێڵە خولگەییەی کە پێدا دەڕوات، روبەڕێکی فراوانی زەوی دەگرێتەوە.

پێشتر سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک داتایان بڵاوکردەوە کە وا نیشانیاندەدا، موشەكە ئاسمانییەکە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، سەعات دو بە کاتی هەولێر، لە تاجیکستان یان تورکەمەنستان دەکەوێتەخوارەوە.

تاوەکو ئێستا بەوردی شوێنی کەوتنەخوارەوەی موشەكە لەدەستدەرچوەکە یەکلایینەکراوەتەوە.

رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، زۆربەی ئەو پارچانەی کە لە موشەكە ئاسمانییەکانی بەربونەتەوە، دوای بڕینی بەرگەهەوای زەوی، گڕدەگرن و دەسوتێن و چاوەڕێ ناکرێت هیچ زیانێکیان لێ بکەوێتەوە.

موشەكی ئاسمانیی "لۆنگ مارچ فایڤ بی" رۆژی 29ی نیسان لە دورگەی "هاینان"ـی چینەوە بەرەو ئاسمان هەڵدرا بۆ ئەوەی کەرەستەی دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانیی چینی بۆ خولگەی زەوی بگوازێتەوە.

ئەو پارچانەی کە لە موشەکەکەوە جیابوونەتەوە، لە کۆنتڕۆل دەرچون کە گەورەترینیان کێشی 19 تۆنە و بەرەو زەوی دێتە خوارەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×