عێراق بەنیازی كڕینی ئێس-400ی ڕوسییە
  2021-05-16       484       
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە باس لە کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەكات، قسە لەسەر ئەگەری کڕینی ئێس-400ی ڕوسییە، ئەمریكا لە هەنگاوێكی لەوجۆرە نیگەرانە و هەڕەشەی سزادانی بەغداد دەكات.

ئاوێنە: لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نایف شەمەری وتی، لە یاسای بودجەی 2021دا بودجەی تایبەت تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی وڵات بە چەکی پێشکەوتوو، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی ئەنجامداوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای گرنگدا گرێبەست دەکات بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو.

باسیلەوەکردووە، ئەو گرێبەستانە بەتەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی بەرگریدایە و “ئێمە لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمان تەنها چاودێریی گرێبەستەکان دەکەین”.

پێشتریش بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق باسیان لە كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی كردبوو، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە عێراقی و ئەمریكییەكان ویستی عێراقیان لەوبارەیەوە ئاشكراكردبوو.

بەڵام هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی، سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنن.

ساڵی ڕابردوو مۆسکۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی عێراق و هاریکاریی سەربازی دەربڕی.

لە ساڵی 2017دا عێراق هەوڵی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیی دا، بەڵام هەڕەشەکانی سەپاندنی سزای ئابوری لەلایەن ئەمریکاوە، گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە ڕاگرت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×