بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان، عێراق سێ نوسراوی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردوە
  2021-05-22       322       

عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، عێراق سێ نوسراوی رەسمی لەبارەی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەكەكان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە.

ئاوێنە: عەبدولحسێن هینداوی بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزیری دەرەوە سێ جار نوسراوی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە لەبارەی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان كە بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

وتیشی، ئەنجومەنی ئاسایش لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو پرسە تاوتوێ دەكات و پێشبینی دەكەین وەڵامیان زۆر ئەرێنی بێت.

ئەوەشی خستەڕو، عێراق لە پێویستییە نێودەوڵەتییەكان و سەرجەم مەرجە داواكراوەكانی ئەم بابەتە تێدەگات.

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن جەختی كردۆتەوە كە چاودێریی نێودەوڵەتی بەهیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر سەروەریی عێراق نابێت.

وتیشی، ئەو پرسە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بەدواداچونی بۆ دەكرێت نەك لەلایەن حكومەتەوە چونكە ئەو بابەتە بەتەنها لە دەسەڵاتی كۆمسیۆندایە.

هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەت چاودێری كارەكانی كۆمسیۆن و هەروەها پشتیوانی كۆمسیۆنەكە دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×