2021-06-13   373     
شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لهگهڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ههرێم كۆبوهوهو یهكێك لهتهوهرهكای كۆبونهوهكهش تایبهت بووه بهپرسی مافەکانی مرۆڤ.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسییو ئابووریی لەکۆنسولخانەی ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان، داربی پارلامانت سەردانی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن بەنگین قاسم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازی لێکرا.
راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لەمیانی سەردانەکەدا شاندی ئەمریکا ئامانجی سەردانەکەی خستووەتەڕو کە ئاڵوگۆڕی زانیارییه لەنێوان ھەردولا بووە سەبارەت بەژمارەیەک پرسو بابەت وەک دادگای تایبەت بەتاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و مافەکانی مرۆڤ و پرسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان.
ئاماژەی بەوەشداوە کە بەڕێوەبەری کاروباری سیاسییو ئابوریی لەکۆنسولخانەی ئەمریکا، بۆچونو تێبینیو سەرنجەکانی خۆیان سەبارەت بەژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار خستووەتەڕو، ھەروەھا ئەوەشی راگەیاندووە کە ئەمریکا بەگرنگیییەو دەڕوانێتە کاروباری ئەنجومەنی دادوەرییو دادگاکان لەھەرێمی کوردستان.
هەروەوها رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، بەکورتی پێناسەیەکی پێکھاتەی ئەنجومەنی دادوەریی و ئەرک و کاری دادگاکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ شاندی میوان خستووەتەڕوو ئاماژەی بەوەداوە کە وەک ئەنجومەنی دادوەریی ھەموو ھەوڵەکانیان بەئاراستەی پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکانو سەروەربونی یاسایە لەھەرێمی کوردستان.
ئەوەیشی خستووەتەڕو کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی بەوردی وەڵامی تێبینیو سەرنجەکانی شاندی کۆنسولخانەی ئەمریکای داوەتەوەو راشیگەیاندووه، ئەو پرسانە جێی بایەخی ئەنجومەنی دادوەرینو بۆ جێبەجێکردنیشیان لەھیچ ھەوڵو ھەنگاوێک درێخی ناکەنو سوپاسی شاندی کۆنسولخانەی ئەمریکایشی کردووە بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر ئەو بابەتانە.