خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنى
وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و
دەشڵێت: تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم دەستیان بەوردبینی لە داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەکان
کردوە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە ئەبێت.
ئاوێنە: خالید شوانی، كەمێك لەمەوبەر، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك
نوسیویەتی"خۆشحاڵ بوین دوای رێکكەوتن لەسەر یاسای بودجەو پاش هەوڵ و گفتوگۆکانی
تیمی دانوستانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی برای بەڕێزمان کاک قوباد تاڵەبانی لەپێناو جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە هەنگاونانی عەمەلی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونە یاساییەکانی، ئەمڕۆ ئەنجومەنى
وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە
1/1/2021 هەژمار بکرێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەر
کردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان."
ئاشكراشیكردوە كە "تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم دەستیان
بەوردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵییەکان کردوە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان
ئامادە ئەبێت و بەردەوام ئەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تری یاسای بودجە."
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا وێڕای سوپاسی پشودرێژی هاوڵاتیانی کوردستان
هیواشی خواستوە "ئەم هەنگاوانە ببنە مایەی سەقامگیری و گەشەی ئابوری و چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و داراییەکان."