کازمی: سەرقاڵی راستکردنەوەی بڕیارە هەڵەکانین
  2021-06-19       533       

سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند کە ١٠ پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، جێبەجێ دەکەن.

ئاوێنه‌: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی سەردانی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی بسمایە باشووری رۆژھەڵاتی بەغدا کردووە و رایگەیاندووە، "دڵخۆشم بەوەی سەردانی کۆمەڵگای بمسایەم کردووە کە لە میانی ساڵی رابردوودا، دەست بە بیناتنانی کراوە و سەردانەکەشم بۆ ئەوەیە تا لە نزیکەوە سەرپەرشتی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەم".

کازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌:"لە میانی ساڵی رابردوودا، بوودجەی پێویستمان بۆ ئەو کۆمپانیایە دابینکردووە کە پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگای بسمایە جێبەجێ دەکات ئەوەیش دوای ئەوەی کە کاری کۆمپانیاکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەھۆی قەیرانی دارایی و خراپی بەڕێوەبردنەوە، راوەستابوو".

سه‌رۆکوه‌زیرانی عیراق ده‌شڵێت:" کە بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە خواستیان ھەیە یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگای بسمایە بکڕن، قیستی پێشەکی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە ٢٥ لەسەداوە بۆ ١٠ لەسەدا کەمکردووەتەوە و لەم بارەیەوە راگەیاندووە، "سووی قیستی ساڵانەی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگای بسمایە بەڕێژەی چوار لەسەدا بۆ دوو لەسەدا وەک پاڵپشتیکردن لە ھاووڵاتییان کەم کراوەتەوە".

کازمی راشیگەیاندووە، بەھۆی بڕیاری ھەڵە و خراپی بەڕێوەبردنەوە، ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە ھەن کە کەڵەکەبوون و تەواونەکراون و دوای گرتنەبەری زنجیرەیەک رێوشوێن توانیمانەوە، بڕیارە ھەڵەکان راست بکەینەوە و چەندین پڕۆژەیش لە پڕۆژە کەڵەکەبووەکان، جێبەجێ بکەین".

ئاماژەی بەوەش داوە، "لەئێستادا ھەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە خستووەتەگەڕ کە ١٠٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگای بسمایە بینات بنێین کە تا ئێستا لەو ژمارەیە، ٣٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بنیاتنراون".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×