دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن
  2021-06-22       452       
هەریەک لە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتیوانی لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو چاکسازییەکانی ئەو بوارە دەکەن و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ دوپات دەکەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی کرد لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆب والەر، کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاند هاوڕێی.

لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەریەک لە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەگرنگیانزانی لایەنە سیاسییەکان پەیوەندییەکی فراوانیان هەبێ و پێکەوە کاربکەن بۆ باشترکردنی دۆخەکەو تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

بەشێکی تری دیدارەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی پێشمەرگەو هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەنێوان ئەم هێزە، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بەگرنگیەوە باسی لە رۆڵی پێشمەرگە لە قۆناغە جیاوازەکان کردو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆشی بۆ پڕۆسەی چاکسازی دوپاتکردەوە رایگەیاند، پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییەو دەبێ بە نیشتمانی بکرێت.

هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق تەوەرێکی تری دیداری نێوان هەردولا بو، گفتوگۆی وردو جددی پڕۆسەکە کراو هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بەئامانجی بەڕێوەچونی پرۆسەیەکی شەفاف و دیموکراسی تاوتوێ کران و سەرنجەکان خرانەڕو، بەشداری کوردو یەکگرتویی نێوان لایەنەکان وەک خاڵێکی ئەرێنی خرایەڕو.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بەشێکی تری دیدارەکە بو، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراقێکی فیدرالی یەکگرتوی بەهێز دوپاتکردەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ پەیوەندییەکی تەندروست لەسەر بنەمای دەستور لەنێوان هەردولا هەبێ و کێشەکان چارەسەر بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×