خامەنەیی ژەمی یەكەمی ڤاكسینێكی ئێرانی دژی كۆرۆنا وەرگرت
  2021-06-25       529       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ژەمی یەكەمی ڤاكسینی ئێرانی ناسراو بە "كۆڤ ئێران بەرەكەت" وەرگرت.

ئاوێنە: رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتویەتی، هیچ كێشەیەك نییە ئەگەر ڤاكسینەكانی وڵاتانی بیانیش لە وڵات بەكاربهێنرێن بەڵام دەبێت پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەكان بكرێت.

خامەنەیی وتویەتی، دانی بەخۆیدا گرتوە تاوەكو سەرەی كەسانی سەرو هەشتا ساڵ دێت بۆ وەگرتنی ڤاكسین و لەبەرامبەر ئەو پێداگرییانە كە ماوەی چەند مانگێكە هەبون بۆ ئەوەی ڤاكسین وەربگرێت، بڕیاریداوە چاوەڕوانی ڤاكسینە ئێرانییەكە بكات.

بەكارهێنانی ڤاكسینی "كۆڤ ئێران بەرەكەت" رۆژی 12ی ئەم مانگە لەو وڵاتە پەسەندكرا.

ڤاكسینەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە "لیژنەی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ئیمام"ەوە بەرهەمهێنراوە كە لەژێر چاودێری خامەنەییدایە.

خامەنەیی لەو رۆژانەی كە ئاستی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا گەیشتبوە لوتكە لە ئێران، بەشداریی كۆبونەوە گشتییەكانی نەدەكرد، بەڵام لەدوای ماوەیەك، بەبێ ماسك، لەنێو كۆبونەوە گشتییەكاندا دەركەوتوە، ئەوەش دەنگۆی ئەوەی لێكەوتەوە كە ئەو ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتوە بەڵام وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە وتی، هێشتا خامەنەیی ڤاكسینی وەرنەگرتوە.

لە ئێران ڤاكسینی كۆرۆنا كەمەو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەوڵی ئەوە دەدەن خەڵك هان بدەن ڤاكسینە ئێرانییەكان بەكاربهێنێت كە تاوەكو ئێستا تەنها ئەم ڤاكسینە ئێرانییە پەسەندكراوە كە ئەمڕۆ خامەنەیی بەكاری هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×