“زیادبوونی نرخی نەوت نەبووەتە هۆی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەدا”
  2021-07-04       212       
سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، تائێستا زیادبوونی نرخی نەوت نەبووەتە هۆی پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە.

ئاوێنە: هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا بەپێی نرخی نوێی نەوت، ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی 2021دا هەیە پڕنەبووەتەوە، سەرەڕای گەیشتنی نرخی بەرمیلێك نەوت بە 75 دۆلار، نەوتی عێراق كەمترە لە نرخی جیهانی، جگە لە نەوتی سووكی بەسڕە، ئەمە سەرەڕای تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.

ڕوونیشیكردوەتەوە، “نەوت پاش دەرهێنانی نزیكەی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەمێنێتەوە، ئەو ژمارەیە لێكدانی ژمارەی فرۆشتنی ڕۆژانە (دوو ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل) و ڕۆژەكانی ساڵی بكە (365 ڕۆژ)” دەبینیت نەبووەتە هۆی پڕكردنەوەی كورتهێنان”.

جبوری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتێكدا بودجەی ئەمساڵ 130 تریلیۆن دینارە، كورتهێنان بەبڕی 30 تریلیۆن دینار لە خەرجی وەبەرهێنان و بەكاربردندا هەیە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا پێویستمان بە گەڕانەوەی ئەو ملیۆن بەرمیلەیە، كە لە بڕی بەرهەمی نەوتی عێراق بەپێی ڕێككەوتنی ئۆپیك پڵەس كەمكراوەتەوە، تا بتوانین كورتهێنان بەتەواوی پڕبكەینەوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×