راوێژکارێك: بۆ دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لەعێراق، کازمی سەردانی واشنتن دەکات
  2021-07-16       480       
به‌مه‌به‌ستی‌ دیاریکردنی وادەو میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا له‌عێراق، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن ده‌كات‌و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌واشنتن ده‌ڵێت، هه‌فته‌ی داهاتو شاندی هه‌رێم به‌شداری دیالۆگی ستراتیژی نێوان به‌غداو واشنتن ده‌كات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌دیاریكردنی واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق.

ئاوێنه‌: حسێن عەلاوی، راوێژکاری مسته‌فا سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەك بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، مستەفا کازمی بەم نزیکانە سەردانی واشنتن دەکات.

وتیشی‌، بڕیاره‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا كازمی لەگەڵ ئیدارەی ئەو وڵاتە تاوتوێی پرسی کشانەوەی ئەو هێزانە بکات و ئاشكراشیكرد، جگە لەئەمریکا کازمی سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوا دەکات.

دوێنێ پێنجشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ برێت مەکگۆرك، راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باشوری ئەفریقا کۆبوەوه‌.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، هەردولا پرسی میکانیزمی کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکایان تاوتوێ کردووە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌واشنتن به‌میدیاكانی‌ پارتی‌ وتووه‌، هه‌فته‌ی داهاتو شاندی هه‌رێم به‌شداری دیالۆگی ستراتیژی نێوان به‌غداو واشنتن ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ بۆ دیاریكردنی واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مهریكا له‌عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.

وتیشی، به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگانه‌دا زۆر گرنگه‌و بڕیاره‌ پرسگه‌لێكی گرنگی‌ تێیدا تاوتوێ بكرێن.

ئاشكراشیكرد، كارنامه‌ی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق‌و ئه‌مریكا چه‌ند پرسێكی وه‌ك پرسه‌كانی وزه‌، گۆڕینی كه‌شوهه‌وا، دۆسیه‌ی ئه‌منی، ته‌ندروستی، كولتووری، په‌روه‌رده‌، مافی مرۆڤ‌و هه‌ڵبژاردن له‌خۆ ده‌گرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×