نرخی نەوت زیاتر دابەزی
  2021-07-20       558       
ماوەی دو ڕۆژە نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بۆ نزمترین ئاست لەماوەی دو مانگی رابردودا دابەزیوە، لەژێر کاریگەریی بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپێک ئەمڕۆ نرخی نەوت زیاتر دابەزی، بەجۆرێک بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 68.51 دۆلار و نەوتی تەکساسی ئەمریکاش بە 66.63 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە لەبازاڕەکانی جیهاندا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 0.11 دۆلار دابەزی کە ڕێژەی 0.51%ی نرخەکەیەتی و بەوەش گەیشتە 68.51 دۆلار فرۆشرا.

هەروەها، نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکا  0.21 دۆلار دابەزی کە ڕێژەی032%ی نرخەکەیەتی و بەوەش گەیشتە 66.63 دۆلار.

لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەماوەی یەک دو رۆژی رابردودا، رۆیتەرز نوسیویەتی، رێکخراوی ئۆپێک بڕیاری زیادکردنی هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان داوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمبونەوەی نرخەکەی هەبوە.

بەهۆی کەمبونەوەی ژمارەی بەرچاوی توشبون بەکۆرۆنا لەچەند وڵاتێک و هەنگاونان بەرەو بوژاندنەوەی ئابوری، خواست لەسەر نەوت زیادیکردوە، ئۆپێکیش بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان بەنیازە بڕیاری زیادکردنی هەناردەکردن بدات.

دوێنێ یەکشەممە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک پڵەس) رەزامەندییان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەربڕی بۆ مانگی ئابی داهاتو  و چەند بڕیارێکی نوێشیان دەرکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، جگەلەوە، ئەندامانی رێکخراوەکە رەزامەندی ئیماراتی بەدەستهێناوە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×