هه‌ڵوێستی پەیەدە لەململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسوریا ئاشكرا كرا
  2021-07-21       468       


ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لەبارەی دانوستان لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق و هەڵوێستیان لەبارەی ململانێکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسوریا هەڵوێستی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی ئاشکراکردووە.

ئاوێنه‌: ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لەمیانی وتاریکدا کە له‌ شاری قامیشلۆ بەبۆنەی نۆیەمین ساڵەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا پیشکەشی کرد ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا دانوستان لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق ئەنجام بدەن، هەروەک چۆن جەختیشی کردۆتەوە کە لەململانێی هێزە دەرەکییەکانی سەر خاکی سوریا لەشێوەی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی هیچ لایەک ناکەن.

سەبارەت بە دۆخی سوریا خەلیل وتویەتی: چەند هێزێکی دەرەکیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەسەر خاکی ناوچەکەن و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لە ململانێدان، بەڵام ئێمە وەک کوردی ڕۆژئاوا نابینە لایەن لەو ململانێیەدا و لەپاڵ هیچکامیاندا ناوەستین، جا ئەو لایەنە ئێران بێت یان ئەمەریکا یان حکومەتی دیمەشق.

بەرپرسەکەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وتووە کە ئەوان ئامادەن لەپێناو دەستەبەرکردنی پاراستنی گەلی کورد و بەدەستهێنانی مافەکانیدا هەموو کارێك ئەنجام بدەن، لەوانە دانوستان لەگەڵ رژێمی دیمەشق.

ئاڵدار خەلیل لەبەشێکی تری قسەکانیدا هەڵوێستی پارتەکەیان و ئیدارەی خۆسەری لەبارەی دانوستان لەگەڵ دیمەشق ئاشکراکردووە و لەوبارەیەوە وتویەتی: چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا تەنیا لەڕێگای دیالۆگی سیاسییەوە دەبێت، ئیدارەی خۆسەریش بەردەوام ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی سوریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دابنیشێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×