فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌كانی سه‌ید شوهه‌دا: قاچی هه‌ر سه‌ربازێكی تورك ده‌بڕین به‌پێ بێت و عێراق داگیر بكات
  2021-07-24       1453       
فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌كانی سه‌ید شوهه‌دا كه‌ میلیشیایه‌كی سه‌ربه‌ ئێرانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی قاچی سه‌ربازه‌كانی توركیای كرد ئه‌گه‌ر جورئه‌تی ئه‌وه‌ بكه‌ن به‌پێ بێنه‌ ناو خاكی عێراق و داگیری بكه‌ن.

ئاوێنە: ئه‌بو ئالا وه‌لائی فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی دژبه‌ توركیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌ "له‌كاتێكدا ئه‌مریكا شه‌رمی له‌ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراق نه‌ماوه‌ و به‌ته‌مای مانه‌وه‌یه‌ له‌ عێراقدا، له‌ولاشه‌وه‌ داگیركه‌ری توركیا واز له‌ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌مان ناهێنێت و ده‌یه‌وێت به‌پێ بێت و عێراق داگیر بكات".

وه‌لائی له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ توركیا كردووه‌ و پێی وتون "به‌پێ وه‌رن بۆ عێراق و به‌ختی خۆتان تاقی بكه‌نه‌وه‌، ئینجا ده‌بینن چۆن قاچتان ده‌بڕین، ده‌توانن بۆ ئه‌وه‌ش پرسیار له‌ ئه‌مریكای سه‌رۆكتان بكه‌ن".

پێشتر سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند ئەو ڕۆژانە نزیك بوونەتەوە كە بە پێ بچنە نێو عێراق و سوریاوە.

لێدوانەكەی وەزیری ناوخۆی توركیا لە میانی وتارێكیدا كە لە شاری شرنەخی باكووری كوردستان پێشكەشیكرد.

سۆیلۆ بانگەشەی ئەوەشیكرد كە پاراستنی ئاسایشی عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفغانستان و جوگرافیای ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپرسیارێتی توركیایە.

لێدوانی وەزیری ناوخۆی توركیا هاوكاتە لەگەڵ ئەو لەشكركێشییەی كە سوپای ئەو وڵاتە بە بیانووی بوونی پەكەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، هاوكات لەگەڵ دەستگرتن بەسەر ڕووبەرێكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستان، شاری عەفرین و چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستانیشیان داگیركردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×