جێگری پارێزگاری هەولێر: تا 10 رۆژی تر ئاو بۆ هەمو گەڕەكەكان دەچێتەوە
  2021-08-14       378       

مەسعود محەمەد كاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر رەتیدەكاتەوە كێشەی بێ ئاوی هیچ گەڕەكێكی شاری هەولێری بەتەواوەتی گرتبێتەوە بەڵكو "لە گەڕەكێكدا كۆڵانێك یان دو كۆڵان كێشەیان هەیە." پێشبینیش دەكات بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە كۆتایی ئەم هەفتەیە تا 10 رۆژی دیكە ئاو بۆ هەمو گەڕەكەكانی هەولێر بچێتەوە. هەروەك رەتیشیدەكاتەوە كە كێشەی بێ ئاوی تەنها گەڕەكە هەژارنشینەكانی گرتبێتەوە.

ئاوێنە: مەسعود محەمەد کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە كێشەی بێ ئاوی لە هەولێر رایگەیاند " ئێمە لە شاری هەولێر دو سەرچاوەی ئاومان هەیە، سەرچاوەی یەکەمیان ئاوی سەرزەویە لە زێی گەورە لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ئاو هەر کاتژمێرێک نزیکەی 15 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابیندەکات کە دەکاتە نزیکەی 300 هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە."

ئەوەشی وتوە"سەرچاوەی دوەم بیرەکانی ناو شاری هەولێرن ژمارەی بیرەکانیش لەناو گەڕەکە جیاجیاکانی هەولێر کە نزیکەی 153 گەڕەکە نزیکەی هەزار بیر لێدراون، لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی ئەو وشکەساڵیەی کە ڕویدا کۆمەڵێک کێشە دروستبو ئەمەش وایکرد ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەڕادەیەکی بەرچاو دابەزێت، ئەو بیرانەی کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لێدراون ئاستی ئاویان بەڕادەیەک دابەزی کە کەوتە بەر وشکە ساڵیەوە و چیدی ئەو دەرفەتە نەما کە ئاوی پێ بدەینە هاوڵاتیان."

لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە بێ ئاوییەی کە ڕوبەڕوی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هاتوە وەک دانیشتوانەکانیان باسیان لێوە دەکرد و هەروەها هۆکاری دروستبونی ئەو کێشەیە، جێگری پارێزگاری هەولێر وتویەتی"ئاوی ئیفراز بەهۆی لێڵ بونی زێی گەورە کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە قۆڕاوببو بۆیە دەبێت بۆ ماوەیەک پڕۆژە رابوەستێت هەتا ئەو شەپولە قۆڕاوەی کە هاتوە تێپەڕێت بەهۆی ئەو باران بارینەی کە لەسەر سنورەکان ڕویدا، خۆشبەختانە ئێستا ئەو قۆناغانەمان هەموی تێپەڕاند، لەسەرەتادا ڕەنگە زۆربەی گەڕەکەکان کێشەی بێ ئاویان هەبوبێ، بەڵام هێواش هێواش ئێمە توانیمان چ لە ڕێگەی ئەو لیژنەی وشکە ساڵیەوەو هەروەها بەگەڕکەوتنەوەی ئاوی ئیفراز، ئێستا شەبەکەکانی ناو شاری هەولێر کە خۆی لە نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر تۆڕی ئاو دەدات هێواش هێواش ئاوەکە دەگەڕێتەوە ناوی."

ناوبراو وتوشیەتی"ئێستا وەکو گەڕەک نییه کە بڵێی گەڕەک بەتەواوەتی کێشەی بێ ئاوی هەیە، بەس دەتوانین بڵێین لە گەڕەکێک ڕەنگە کۆڵانێک یان دو کۆڵان کێشەیان هەبێت ئەوەش بەگوێرەی ئەو پلانەی کە ئێمە دامانناوە چ لە ڕێگەی بیرەکان بێت یان بەگەڕکەوتنەوەی پڕۆژەکانی ئاو بێت پێمان وایە کۆتایی ئەم هەفتەیە تا 10 ڕۆژی تر بەشێوەیەکی گشتی ئاو بۆ هەمو گەڕەکەکان بچێتەوە."

ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەولێر ئەوەشی وتوە"ئەو گەڕەکانەی کە کێشەی بێ ئاویان هەیە و تا ئێستا پڕۆژەی ئاوی ئیفرازیان نەگەیشتوەتەوە ئێمە لە ڕێگەی پرۆسەی تانکەر کە چەند تانکەرێکمان هەیە ئاو دابین دەکەین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە ئەمساڵ لە شاری هەولێر ڕویداوە، دیسان دەیڵێمەوە هیچ گەڕەکێک نییە بە گەڕەک لە شاری هەولێر کە کێشەی بێ ئاوی هەبیت ڕەنگە کۆڵانێکە یان دو کۆڵان بێت ئەوەش زۆرە بۆ ئێمە تەنها ماڵێکیش کێشەی بێ ئاوی هەبێت ئێمە لە پارێزگای هەولێر بەرپرسیارەتیەکە هەڵدەگرین."

سەبارەت بەو گلەیی و ڕەخنەو ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کە پێیان وابو ئەم بێ ئاویە ئەو گەڕەک و شارە نوێ و پێشکەوتوانە ناگرێتەوەو تەنها لەو گەڕەکانە هەیە کە خەڵکەکەی هەژار نشینن، جێگری پارێزگاری هەولێر وتی "ئێستا گەڕەکی وەزیران ڕەنگە دەتوانین بڵێین راقیترین گەڕەکی هەولێرە کێشەی بێ ئاویان بۆ دروست بوە لە تەنیشتیەوە بۆ نمونە گەڕەکی تەیراوا هەیە کە گەڕەکی هەژارنشینە کێشەی بێ ئاویان بۆ دروست نەبوە، یەکەم گەڕەکیش کە ئاو هاتەوە گەڕەکی تەیراوا بو ئەو جۆرە هاوکێشەیەی کە باسی لێوە دەکرێت بە بۆچونی ئێمە ڕەفزی دەکەینەوە و وانییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "مەسەلە گەڕەکی هەژارنشین و دەوڵەمەندنشین نییە بیر کە وشکی کرد ئینجا ئەو بیرەی کە کۆن لێدراوە چ لە گەڕەکی هەژارنشین بێت یان دەوڵەمەندنشین، بۆ نمونە بیرەکانی کۆن کە لێدراوە قۆڵاییەکەی 150 مەتر بوە ئینجا ئەو بیرە کە لێدراوە چ لە گەڕەکێکی هەژارنشین بیت یان دەومەڵەندنشین بیرەکە وشکی کردوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×