قائیمقامیەتی هەولێر سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکات
  2021-08-22       939       

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بەتۆمەتی تاشیرکردن و قسەی بێ بنەما سکاڵا لەسەر هاوڵاتییەک تۆماردەکەن کە باسی لە کەمئاوی کردبوو.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ی ئاب، قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هاوڵاتیەک کە لەچاوپێکەوتنێکدا باسی لە کەمئاوی کردبوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" بەهەوڵی پارێزگاری ھەولێر و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆلان بە کۆلان و ماڵ بە ماڵی ئەو گەڕەکانەی ئاوی خواردنەوەیان پێویستبووە بۆیان دابینکراوە، لەلایەکی تریشەوە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری ھەولێر، ئاگاداری سەرجەم ھاوڵاتیانی ئەو شارە کراوەتەوە، ھەرماڵێک پێویستی بەتانکەری ئاو بوو لەڕێگای ژمارە تەلەفۆنەکانی سەرجەم شارەوانییەکان دەتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بکەن و داوای تانکەری ئاوی خواردنەوە بکەن بەبەردەوامی".

ئاماژەی بەوەشداوە:" ئەو ھاولاتیە باس لەدانانی عارەبانە و کاروکەسابەتی دەکات لەناو بازاڕی شاری ھەولێر، بە ووتەی ئەو گوایە لەلایەن قائیمقامیەتەوە رێگری لێکراوە، دانان و لادانی عارەبانە و زێدەڕۆیی کاری تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی شارەوانیە نەوەک قائیمقامیەت و ووتەکانی ئەو ھاوڵاتیە ھیچ بنەمایەکی نیە، رۆژێک لەڕۆژان سەردانی قائیمقامی ھەولێری نەکردووە، یاخوود داوای لەقائیمقام کردبێت و بەم شێوەیەی ئەو باسی دەکات وەڵامی درابێتەوە".

قائیمقامیەت روونیشیکردەوە:" لەبەرامبەر ئەو تاشیرکردن و ئەو قسە بێ بنەمایانەی ئەو هاوڵاتییە ناچارن رێکاری یاسایی بگرنەبەر و سکاڵای لەسەر تۆماربکەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×