2021-08-23   275     
قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد کە تایبەت بوو بە دەستپیکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021_ 2022 لەگەڵ چەند بابەتێکی تری تایبەت بە ڕەوشی خوێندن و قوتابیان.
ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ 23ی ئابی 2021، لە ھەولێر، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و، باس لە چەند بابەتێکی تایبەت بە خوێندن کرا.
سەرەتای کۆبوونەوە باس لە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خوێندکاران کرا لەناو پۆلەکان، لەگەڵ پابەند بوون بە ڕێنماییەکانی تەندرووستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردوە، حکومەت پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەوەی لە 14/ 9 / 2021 خوێندن لە قوتابخانەکان دەستپێبکات و ئەو بەروارەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرایە بڕیار.
لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، ھەروەھا رایگەیاند؛ ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی دوازدە رادەگەیەنرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگان و رایگەیاند؛ خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9 تاوەکو 25/9 خوێندن دەستپێدەکات لەناو ھۆڵەکانی زانکۆ. ھەروەھا وتیشی "بەپێی رۆژژمێری زانکۆیی زانکۆکان ئامادەکارییەکانیان دەست پێکردوە و بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەوام دەست پێدەکات".
دواتر ئامارەکانی توانای زانکۆ و پەیمانگاکانی خرانەڕوو بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی نوێ و خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکە بۆچوونەکانی پەیوەست بە قبوڵ مەرکەزی ناوەندی خرانەڕوو لەگەڵ چۆنییەتی رێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوازێک کە لەگەڵ سەردەم و پێویستی بازاڕ بگونجێت، بەشداران جەختیان لە گرنگی خوێندنی پیشەیی کردەوە و ھاوڕابوون پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت.