ئەمریکا 5.2 ملیۆن دۆلار بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق تەرخان دەکات
  2021-08-26       338       
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لەداواکارییەکەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق دەکات بۆ زیاترکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق، واشنتن بۆ ئەو مەبەستە 5.2 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات.

ئاوێنە: تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی پشتیوانی لە زیاترکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق، وڵاتەکەیان بڕیاریداوە 5.2 ملیۆن دۆلار دابین بکات.

باسی لەوەشکرد، ئەمریکا پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق دەکات کە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەو وڵاتە.

دوێنێش حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، "مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختیکردەوە کە حکومەت سازش ناکات لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندوە، تۆماری دەنگدەرانی بۆ دەنگدانی گشتی ئامادەکراوە کە 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر تێیدا تۆمارکراون، ئەو دەنگدەرانەش لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان دەنگدەدەن، بە تێکڕاش ئەو ناوەندانە بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان. لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت. تاوەکو ئێستاش 17 ملیۆن و 95 هەزار و 230 کارتی بایۆمەتری چاپ کراون.

هاوكات جومانه‌ غه‌لاى، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق باسی لەوەکردوە، كۆمسیۆن دڵنیایى ده‌دات كه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ پێى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ كاتى خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت، "به‌ یه‌كسانى و رونى ئه‌نجام ده‌درێت، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتی ئەنجامدانیدا نایەت، هەڵبژارنی گشتی لە 10 تشیرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنی تایبەتیش لە 8 و 9ى هەمان مانگدا بەڕێوەدەچێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×