ئیدارەی راپەڕین بۆ خۆپیشاندەرانی بالیسان: حكومەت رەزامەندی داوە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاکەتان
  2021-09-05       327       

ئیدارەی راپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە داواكاریی خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردوی سنوری ناحیەی بالیسان بۆ چاککردنی ڕێگاکەیان، رایگەیاند، حكومەت رەزامەندی مەبدەئی داوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکەو بەڵێنیش دەدەین كە له زوترین کاتدا چاککردنی ئەم رێگایە بچێتە بواری جێبەجێکردن.

ئاوێنە: ئیدارەی راپەڕین لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"چەند رۆژێکە ئاگادارین کە خۆپیشاندان و گردبونەوەی هاوڵاتیان هەیە لە سنوری ناحیەی بالیسان بۆ چاککردنی ڕێگاکەیان، ئێمە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەپێی ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستمان بو، بەشێک لە ڕێگای نێوان سەروچاوەو گوندەکانی سنوری خۆشناوتی چاکـکراوە."

وتوشیەتی"بەڵام بەمەبەستی چاکترکردن و باشترکردنی ڕێگاوبانەکان هەر ئەمساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پـاراسـتن و چاککردنی ڕێگاوبانی ڕاپـەڕین دەرخستەی پێـویست ئامـادەکراوەو ئاڕاستەی وەزارەتی ئـاوەدانکـردنەوە کراوە، لـەوێـشەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی بەدواداچونەکەنیشمان رەزامەندی مەبدەئی دراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە، بەهۆی بونی هەندێک کەموکورتیش لە دەرخستەکەدا، جارێکیتر ئاڕاستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کراوەتەوەو بڕیارە سبەی بگاتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران."

ئیدارەی راپەڕین بەڵێنی داوە كە "لەزوترین کاتدا چاککردنی ئەم ڕێگایە بچێتە بواری جێبەجێکردن." و وتوشیەتی"ئومێدیشمان وایە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی هـەرێمی کوردستان بەپیر داخوازی و داواکارییەکانی ئەم سنورەوە بێن و ئێمەش لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئامادەین بەهـەمو شێوەیەک بە پیر داخوازیەکانیانەوە بچین و ئەوەی پێویست بێت و لەتواناداهەبێت بۆیان جێبەجێ بکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×